رووداو - واشنتن
کانی غوڵام، چالاکڤانێکی کوردە، لە دژی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بەپێ لە واشنتنەوە بەرەو نیویۆرک بەڕێدەکەوێت کە رێگەکەی نزیکەی 530 کیلۆمەتر دوورە و تاوەکو دەگاتە شوێنی مەبەست 24 رۆژی پێدەچێت.
کانی غوڵام بە رووداوی گوت، "24 رۆژ بەڕێگەوە دەبم، 24ی تەممووزی 2023، 100 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان تێدەپەڕێت، من ئەو پەیمانە بە هەڵە دەبینم و لەدژی ئەو پەیمانە رێپێوان دەکەم، من دەمەوێت پرسی کورد و کوردستان قسەی لەسەر بکرێت و ئەمریکییەکان پشتیوانی لە کوردان بکەن.''
کانی و هاوڕێکانی دەیانەوێت بچنە بەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناڕەزایەتییەکانیان بە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکییەکانیش بگەیێنن، هاوکات کانی چاوی لەوەیە لەلایەن گەلی کورد و دۆستە ئەمریکییەکانیشی پشتیوانی لەو کارەی بکرێت.
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، "لە چالاکیی لەم شێوەیەدا دەمانەوێت زیاتر گەل پشتیوانیمان بکات و دۆستی کورد زیاتر بکەین، ئەمڕۆ بەڕێدەکەوم و هەشت رۆژی دیکە دەگەمە شاری لانکاستەر، دوێنێ نووسەرێک لەسەر ئەم بابەتە شتێکی جوانی بۆ رۆژنامەی لانکاستەری نووسیبوو، چالاکیی لەم شێوەیە زۆر گرنگە، مرۆڤ نازانێت چی دەبێت و 24 رۆژیش کاتێکی زۆرە، بەڵام ئەگەر کورد و دۆستانی کورد پشتیوانی بکات، دەنگدەداتەوە.''
بۆ پشتیوانیکردنیش لە چالاکییەکەی کانی و مافەکانی کوردستان، ژمارەیەک ئەمریکی و گەلانی دیکە لە نێویاندا فەلەستینی، لەکاتی بەڕێکەوتنی کانی هەر لە مۆنۆمێنتی لینکۆڵن لە واشنتن ئامادەبوون و دواتریش بۆ چەند کیلۆمەترێک یاوەری کانی بوون لە رێگەکەدا.
مایکڵ بیر، سەرۆکی گرووپی نێودەڵەتیی دژ بە تووندوتیژی بە رووداوی راگەیاند، "من لێرەم تاوەکو پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ و کورد بکەم، ئەوان لەلایەن حکومەتەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا بەباشی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە، من وەکو هاووڵاتییەکی ئەمریکی ناتوانم بەو وڵاتانە و کورد بڵێم دەبێت سەربەخۆبن یان بەشێکبن لەو وڵاتانەدا، بەڵام بۆچوونی من ئەوەیە دەبێت هەموو لایەک مافی یەکسانیان هەبێت و خواستی سەرەبەخۆیی کوردیش رێزی لێبگیردرێت.''
پات دەیڤس، نوێنەری دامەزراوەی ناوەندی ئاشتیی نێودەوڵەتی باسی لەوە کرد، ''من لێرەم تاوەکو پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ بۆ کورد بکەم، زۆر گرنگە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش نوێنەرێکی کورد هەبێت، کورد ناڕەحەتی زۆریان چەشتووە و ئێمەش لێرەین بۆ پشتیوانیکردن لە رۆشتنەکەی کانی غوڵام بۆ مافەکانی کورد و هەبوونی نوێنەرێکی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان."
هاوکات ئەنتنی خێر، چالاڤانی مافەکانی مرۆڤ کە خەڵکی فەلەستینە و لە واشنتن دەژی، دەڵێت، "من لێرەم بۆ نوێنەرایەتیکردنی فەلەستین و کوردستان و هەموو ئەوانەش کە رووبەڕووی چەوسانەوە بوونەتەوە لە جیهاندا، ئەمڕۆ لێرەوە لە لینکۆڵن میمۆڕیاڵەوە بەپێ بەڕێدەکەوین بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە مانهاتن، تاوەکو پیشانی جیهانی بدەین فەلەستینییەکان و کورد شانبەشانی یەک لەگەڵ یەکین بۆ بەهێزکردنی چەوساوەکان و لاوازکردنی چەوسێنەرەکانیش.''
کانی لە گەشتەکەیدا بە رۆژ بە رێگەوە دەبێت و شەوانیش میوانی یەکێک لە ماڵباتە ئەمریکییە دۆستەکانی کورد دەبێت، هاوکات هەر لەم رێگەیە و لە شاری فیلادلفیا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا کانی میوانی ماڵباتێکی تورک دەبێت و ئەو ماڵباتە تورکەش بۆچوونیان وایە پەیماننامەی لۆزان هەڵەیەکی گەورەیان بەرامبەر بە کورد کردووە و کورد دەبێت ببنە خاوەن دەوڵەتی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ