رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی شاری لایپزیگ لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بەتۆمەتی ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵی دەستگیرکرد. هاوکات، پۆلیس کەسێکی دیکەی تەمەن 16 ساڵی لە هەرێمی براندیبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دەستگیرکرد.
دەزگەی هەواڵگریی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات، کە وڵاتەکەی لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی هێرشی گرووپە تووندڕەوەکاندایە. ئاماژە بەوەش دەکات، جەنگی غەززە کاریگەریی لەسەر دۆخی ئەمنیی ئەڵمانیا هەبووە.
هێربێرت رێیل، وەزیری ناوخۆی هەرێمی باکووری راین، وێستڤالیا، دەڵێت، "دوێنێ ئێوارە مێردمنداڵێکی 15 ساڵیمان لە ناوچەی بۆرشاید دەستگیرکرد، تۆمەتەکەی ئەوەیە کە ئەو کەسە پلانی هەبووە و هەوڵیداوە هێرشێکی تیرۆریستی بکات؛ تۆمەتبارەکە پلانی هێرشەکەی لە گرووپچاتێکدا باس کردووە".
ئەو رووداوانە پۆلیسی ئەڵمانیای نیگەران کردووە، هۆشداری دەدات لەوەی مەترسییەکە راستەقینەیە و ئامادەکاری بۆ هێرشی تیرۆریستی لە وڵاتەکە زۆر زیادی کردووە.
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، نزیکەی هەزار رووداوی دژ بە جووەکان لە ئەڵمانیا تۆمارکراون، واتە لە هەر رۆژێکدا 29 هێرش.
هێربێرت رێیل گوتیشی، "چەندین پلانی هێرشکردن هەبووە و بیر لەوە کراوەتەوە کە چۆن و لەکوێ ئەو هێرشانە بکەن، هەروەها باس لە چەند شوێنێک کراوە کە هێرشی بکرێتە سەر، بەڵام لە کۆتاییدا لە گرووپچاتەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە هێرش بکەنە سەر بازاڕێکی تایبەت بە کەلوپەلی جەژنی کریسمس".
پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە جووەکان ناتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی لە ئەڵمانیا بژین و زۆربەیان هەست بە ترس و نائارامی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ