رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە رۆژئاوای ژاپۆنی دا و شەپۆلی تسۆنامی گەیشتووتە نێو یەکێک لە شارەکانی. ئاژانسی کەشناسیی وڵاتەکەش هۆشداری دەدات لەوەی، لە هەندێ شوێنی دیکەشدا شەپۆلەکان پێنج مەتر بەرزدەبنەوە.
ئاژانسی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا دەڵێت، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7.4 پلە بووە بە پێوەری رێختەر، هەندێ سەرچاوەی دیکە بە 7.5 پلە تۆماریان کردووە.
بوومەلەرزەکە کاژێر 10:10 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر و چەقەکەی لە شاری ناناوـی پارێزگەی ئیشیکاوا بووە.
گەیشتنی تسۆنامیێک بە بەرزیی 1.2 مەتر بۆ نێو شاری واجیماـی پارێزگەی ئیشیکاوا پشتڕاستکراوەتەوە، کارەبای 33 هەزار و 500 ماڵ پچڕاوە و لە هەندێ شوێنیش ئاگر کەوتووەتەوە.
میدیای فەرمیی ژاپۆن هۆشداریی دا "پێویستە هەموو دانیشتووانی ناوچەکە شوێنەکانیان چۆڵبکەن و بچنە شوێنە بەرزەکانەوە." پۆلیسی ناوچەکەش رایگەیاند هەموو رێگە سەرەکییەکانی نزیک لە چەقی بوومەلەرزەکە، داخراون.
ئاژانسی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە؛ تاوەکو دووری 300 کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکە، بە درێژایی کەناراوەکانی ژاپۆن مەترسیی دروستبوونی تسۆنامی هەیە.
ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆنیش هۆشداری دا لەوەی؛ دەکرێت شەپۆلەکانی تسۆنامییەکە لە شاری نۆتۆـی تاوەکو پێنج مەتر بەرزببنەوە.
بوومەلەرزەکە وایکرد تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ژاپۆن (NHK) بەرنامەکانی بووەستێنێت بۆ ئەوەی هۆشداری بە خەڵک بدەن.
پێشكێشکارێکی تەلەڤیزیۆنەکە بە بینەرەکانی گوت "ئێمە، دەزانین ماڵ و سامانتان بە نرخە بۆ ئێوە، بەڵام ژیانی ئێوە لە هەموو شتێک گرنگترە. بۆ بەرزترین شوێن رابکەن."
ژاپۆن یاسای تووندی بیناسازیی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی باڵەخانەکان بەرگەی بوومەلەرزە دەگرن. هەروەها زوو زوو راهێنانی خۆڕزگارکردن لە بوومەلەرزە بە هاووڵاتییانی دەکات.
ژاپۆن هێشتا برینی تسۆنامییەکەی ساڵی 2011 لە بیرنەکردووە، کاتێک لە 11ـی ئاداری ئەو ساڵەدا، بوومەلەرزەیەکی 9 پلەیی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بووە هۆی هەڵگەڕانی شەپۆڵەکانی زەریای هێمن بەسەر شارەکانیدا، لە ئەنجامدا 17 هەزار و 759 کەس گیانیان لەدەستدا.
تسۆنامییەکەی ساڵی 2011 بووە هۆی توانەوەی سێ کوورەی سارکردنەوەی بنکەی ئەتۆمیی فۆکۆشیما، کە خراپترین قەیرانی ئەتۆمیی دوای جەنگی لێکەوتەوە، هەروەها ئەوە خراپترین قەیرانی ئەتۆمیی دوای چێرنۆبڵ بوو.
حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەوە هیچ شتێکی نائاسایی لە بنکە ئەتۆمییەکان تۆمارنەکراوە.
لە ئاداری س اڵی 2022، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر فۆکۆشیما و بەشێکی بەرفراوانی رۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند، لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
یەک سەدە لەمەوبەر، لە ساڵی 1923، بوومەلەرزەیەکی گەورە، تۆکیۆی پایتەختی وێران کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ