حکومەتی بەریتانیا: ساڵی 2023 هاتنی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە 36% كەمیکردووە

01-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی 30 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندووەتە وڵاتەکەیان.
 
رۆژی دووشەممە 1ی کانوونی دووەمی 2024 وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماری ساڵی رابردووی ئەو کۆچبەرانەی بڵاوکردەوە، کە لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە. بەگوێرەی ئامارەکەش، 29 هەزار و 437 کۆچبەر لەو رێگەیەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو چوونی کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 36% کەمیکردووە. ساڵی 2022 حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا.
 
کەناڵی ئینگلیز بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگە دەریاییەکانی کۆچبەران دادەنرێت و بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی 1999وە، 376 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە و لە مانگی تشرینی دووەمی 2021دا 31 کۆچبەر لەو ئاوەدا خنکان، کە زۆربەیان هاونیشتمانیی باشووری کوردستان بوون.
 
لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە "نایاسایی" ناساند و رایگەیاند، "رواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە."
 
دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا گوتیشی، "ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ناردنەوەیان بۆ وڵاتی بنەڕەتیی خۆیان. ئێمە هاوڕا بووین [لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ] لەوەی حکومەتی رواندا بە نیازێکی باشەوە هاتووەتە نێو رێککەوتنەکە، بەڵام پێمانوایە مەترسیی جیدی لەو وڵاتە بۆ سەر پەنابەران هەیە. لەبەر ئەو هۆکارانە، داواکەی وەزیری نێوخۆمان رەتکردەوە."
 
"پلانی رواندا" کە لە نیسانی 2022 هاتە ئاراوە، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا کاری لەسەر کراوە، رێککەوتنێک بوو لەگەڵ حکومەتی رواندا.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کە لە 25ـی تشرینی یەکەمی 2022ـوەوە دەستبەکاربوو، رایگەیاندووە ئەوەی لەڕێگەی بەلەمەوە بچێتە بەریتانیا، بە کۆچبەری نایاسایی تۆمار دەکرێت و یاساشیان پەسند کردووە، کە هەر کەسێک لەو رێگەیەوە بچێتە بەریتانیا، مافی مانەوەی نادرێتێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: ئەرشیڤ/ AFP

پووتین سوپاسی کیم جۆنگ ئوون دەکات لە یارمەتیدانی رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کورسک

سەرۆکی رووسیا سوپاسی سەرۆکی کۆریای باکوور دەکات لە بەرامبەر ئەوەی کە بە یارمەتیی سەربازانی وڵاتەکەی، هەرێمی کورسکی رووسی لە دەستی هێزەکانی ئۆکراینا دەرهێندراوە