رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کردووە لێکۆڵینەوە لە "سیخوڕیکردنی" ئێران بەسەر چەند ئەندامێكی پارتی لیکود، پارتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بکەن.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل نزیک لە حکومەتی ئەو وڵاتە ئاشکرایکرد، نافتالی بینێت، سەرۆکوەزیرانی وڵات داوای لە رۆنین بار، سەرۆکی شاباک، دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل کردووە "لێکۆڵینەوەیەکی ورد" لەو بابەتەکەدا بکات، ئاشکراشی دەکات، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021دا ئێران لە رێگەی هەردوو ئەپلیکەیشنی "وەتسئەپ و تلیگرام"ـەوە توانیویەتی دزە بکاتە نێو هەژماری ئەندامان و چالاکڤانانی سیاسی سەر بە پارتەکەی نەتانیاهوو-وە.
لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی "تایمز ئەڤ ئیسرائیل" هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ئێران توانیویەتی لە رێگەی دروستکردنی 'هەژماری ساختە'ـوە بگاتە لای ئەو ئەندامانە تاوەکو دژ بە نافتالی بینێت، بووەستنەوە و دابەشبوونی نێوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن قووڵتر بکەن.
رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، ئێران بۆ ئەو مەبەستە "تۆڕێکی" دروستکردووە و لە رێگەیەوە پێشنیازی پێدانی پارە بەو ئەندامانەی لیکود کردووە تاوەکو خۆپیشاندان دژ بە حکومەتی بینێت ئەنجام بدەن، جگە لەوە بەڕێوەبەرانی "تۆڕەکە" داوایان لەو چالاکڤانە ئیسرائیلییانە کردووە نامەکانیان لەسەر وەتسئەپ و تلیگرام بگەیێننە یائیر نەتەنیاهوو، کوڕەکەی بنیامین نەتانیاهوو.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو کەسانەی کە کاریان لەو تۆڕەدا کردووە وا خۆیان پیشانداوە کە چالاکڤانی سەر بە پارتی لیکودن تاوەکو ترس و پشێوی لە ئیسرائیلدا دروستبکەن، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تۆڕە ئێرانییەکە هاوکات لەگەڵ دژایەتیکردنی بینێت، لەگەڵ چالاکڤانانی سەر بە بەرەی چەپی ئیسرائیلـیش پەیوەندییان دروستکردووە تاوەکو دژ بە نەتانیاهوو بووەستن."
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل دەڵێت، "چەندین هەژماری ساختە توانیویانە دزەبکەنە نێو لانیکەم 50 گرووپ لە ئەندام، سیاسەتڤان و چالاکڤانانی سەر بە پارتی لیکود، هەروەها 30 کۆمەڵەی سیاسەتڤانی بێلایەن و نۆ لایەنی نزیک لە نەتانیاهوو، لە رێگەی ئەو گرووپ و لایەنەیشەوە دەستیان بە سەرووی ملیۆنێك ئیسرائیلی لەنێو سۆشیاڵ میدیادا گەیشتووە."
رۆژی چوارشەممە 29-12-2021، دەستەی ئاسایشی سایبیری نەتەوەیی ئیسرائیل، هۆشداریدا لە مەترسی هێرشێكی ئێرانی بۆ سەر چەند هەژمارێكی وەتسئەپ و تلیگرام بە مەبەستی کاریگەریکردنە سەر بازاڕی دارایی و بۆرسەکانی ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ