لە لۆس ئەنجلس دەگمەنترین ئۆتۆمبێلەکانی جیهان پیشاندەدرێن

01-01-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
بڕیارە بۆ ماوەی 18 مانگ ئەم پیشانگایە لە شاری لۆس ئەنجلس بەردەوام بێت.
بڕیارە بۆ ماوەی 18 مانگ ئەم پیشانگایە لە شاری لۆس ئەنجلس بەردەوام بێت.
نیشانەکردن دەگمەنترین ئۆتۆمبێلەکانی جیهان لۆس ئەنجلس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلی گرانبەها لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا 18 لە خێراترین، گرانبەهاترین و تایبەتترین ئۆتۆمبێلەکانی جیهان پیشاندراون.
 
11 ئۆتۆمبێلی پیشاندراو لە پێشانگەکە بە گاز کاردەکەن، 4 بە کارەبا و سووتەمەنی پێکەوە کاردەکەن و سیانیشیان بە تەواوەتی پشت بە وزەی کارەبا دەبەستن؛ ئۆتۆمبێلەکان رەنگدانەوەی 130 ساڵی پیشەسازی و داهێنانن لە سەرتاسەری جیهاندا.
 
لێزلی کێنداڵ، رێکخەری پیشانگە دەڵێت "ئەم پێشانگایە بە هایپەرکار ناودەبرێت و ئۆتۆمبێلە زۆر تایبەتەکان پیشاندەدات. باشترینی باشەکان پیشاندەدات. خێراترین، بەهێزترین، جوانترین و دەنگمەنترینی ئۆتۆمبێلەکان دەخاتەڕوو. هەموو شتێکیان تێدایە کە زۆربەی خەڵکی دەیانەوێت لە ئۆتۆمبێلێکدا هەبێت، بەڵام ناتوانن بیکڕن."  
 
لەنێو دیارترین ئۆتۆمبێلەکاندا بوگاتی ڤەیرۆن 16.4 هەیە کە نرخەکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دۆلارە؛ بزوێنەری تۆربۆی 8 لیتری هەیە و خێراییەکەی دەگاتە 407 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
 
ئۆتۆمبێلی دێڤێل سکستین V-8 لە شێوەی فڕۆکەی جەنگی دروستکراوە؛ تەنیا 4 دانەی لەم جۆرە لە جیهاندا دروستکراون، نرخی هەر یەکەشیان 1 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە.
 
ئۆتۆمبێلی فیراری ئاپێرتای 2017 کە نرخەکەی 2.1 ملیۆن دۆلارە، لە ساڵی 2013 وەکو یەکەمین براندی ئیتاڵی کە بە هایبرید کاردەکات پیشاندراوە.
 
ئۆتۆمبێلی هێنێسی ڤێنۆمی F5 لە خێراییدا کێبڕکێی بوگاتی دەکات؛ نرخەکەی 2.1 ملیۆن دۆلارە. ئەم ئۆتۆمبێلانە تەنیا چەند دانەیەکی کەمیان لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە.
 
مایکڵ ڤان رەنکڵ، شارەزای ئۆتۆمبێل دەڵێت "ئەم پیشانگەیە تایبەتە، چونکە ئەمانە کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلن کە لە شوێنی دیکە نایانبینیت و ناتوانیت دەستت بکەون. شێتانەیە کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی لە هەمووی زیاتر چانسی ئەوەت هەیە لە شەقام بیبینیت، ئۆتۆمبێلی فێراری بێت کە نرخی یەک ملیۆن دۆلارە. ئەوانی دیکە لە هیچ شوێنێک ناتوانی بیانبینیت، هەندێکیان تەنیا یەک دانەیان هەیە." 
 
بڕیارە بۆ ماوەی 18 مانگ ئەم پیشانگایە لە شاری لۆس ئەنجلس بەردەوام بێت.
 
پیشانگاکە بەسەر دوو کاتدا دابەشکراوە؛ یەکەمیان تاوەکو ئەیلوولی 2022 بەردەوام دەبێت و ئەوی دیکەش لە مانگی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 14ی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت، بەڵام ئۆتۆمبێلی زیاتری تایبەتیش پیشاندەدرێن تێیدا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە