ناپاکەکە دەگەڕێتەوە جۆسیپی میاتزا و میلان میوانی پاڵەوانە

29-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سێری ئا رۆمیلۆ لوکاکۆ ئینتەرمیلان رۆما میلان یانەی ناپۆلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش بردنەوەی زەحمەتی دوێنێ شەوی یوڤێنتوس و سەرکەوتنی بۆ پێشەنگی ریزبەندیی خولی سێری ئا، رکابەرە راستەوخۆکانی ئەو یانەیە لە رووبەڕووبوونەوە گەورەکانی ئەمڕۆی خۆیاندا، هەوڵدەدەن مانەوەی خانمە پیرەکە لە پێشەنگدا زۆر نەخایەنێت و جارێکی دیکە بۆ پلەکانی خوارووتری ریزبەندییەکەی دابگرنەوە.
 
ئینتەرمیلان کە نزیکترین رکابەرە لە یۆڤییەوە، لە نێو جۆسیپی میاتزا یارییەکی گرنگ و بەهێز بەرامبەر رۆما بەراهێنەرایەتی جۆزێ مۆرینیۆ ئەنجامدەدات، کە بەهۆی راگرتن و سزاوە، ناتوانێ لەسەر هێڵی یاریگەوە سەرپەرشتی تیپەکەی بکات.
 
ئینتەرمیلان کە رۆژانی درەوشاوەی خۆی لەگەڵ سیمۆنی ئینزاگی راهێنەردا بەسەردەبات، نایەوێ رووبەڕووی هەمان سیناریۆی وەرزی رابردوو ببێتەوە بەرامبەر رۆما کە ئەوکات بەدوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە میوانەکەی دۆڕا.
 
ئینتەرمیلان کە لە کاروانی کورتی ئەمساڵیدا کە نۆ یارییە، جارێک دۆڕاوە و جارێک یەکسانبووە، ئەمشەو خۆی لەبەردەم هەلێکی زێڕیندا دەبینێتەوە، بۆ شکستپێهێنانی رۆما کە دوای سێ بردنەوەی لەسەریەک لە خولەکە، خۆی لەبەردەم بێبەشبوون لە توانای ژمارەیەک یاریزانی زۆریدا دەبینێتەوە.
 
ناپۆلی میوانداریی میلان دەکات
 
یارییەکی دیکەی گرنگی نێوان رکابەرەکانی یوڤێنتوس، لە یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا دەبێت و ناپۆلی باشوورییەکانی وڵات، چاویان لە شکستپێهێنانی میلانی میوانیان دەبێت، کە ئەمڕۆژانە لە نێو ژمارەیەک ئەنجامی خراپەوە، دەیەوێت لە سێری ئادا جارێکی دیکە، بەئومێدی رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە، سەر دەربهێنێتەوە.
 
میلان لە شکستێکی گەورەوە لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر پاریس سانجێرمان گەڕاوەتەوە و ئەرکی سەرەکی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری یانەکە، نۆژەنکردنەوەی دەروونی یاریزانەکانیەتی کە لە یارییەکەی نێو باخچەی شازادەکاندا، هیچیان بەرامبەر ئەستێرەکانی سانجێرمان لەدەستنەهات.
 
ئەگەرچی لە ریزبەندیی خولەکەدا بەر لە یارییەکەی ئەمشەو، ناپۆلی لە دوای میلانەوەیە، بەڵام ئەو یانەیە کە هەوڵی زۆر بۆ بەرگری لە نازناوە مێژووییەکەی وەرزی رابردووی خۆی دەدات، لە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش سەقامگیرتر دێتە بەرچاو و ئەو سەقامگیرییەی بۆ یانەکە گەڕایەوە پاش چەند هەفتەیەک لە کێشە و گرفتی ئەنجامی خراپ و مشتومڕی دوورخستنەوەی رۆدی گارسیای راهێنەر، ئێستا هەمووی ئارامبووەتەوە و دەنگێک لەبارەی دوورخستنەوەی گارسیا لە ئارادا نەماوە.
 
گارسیا ئەگەرچی هەفتەی رابردوو بەسەرکەوتنێکی گرنگەوە لە بەرلینەوە گەڕاوەتەوە، بەڵام پێناچێ کەس لەسەداسەد لەبەردەوامبوونی ئەو راهێنەرە لەگەڵ ناپۆلی تاوەکو سەر دڵنیا بێت و یارییەکەی ئەمشەو کە بەرامبەر یەکێکە لە گەورەکانی خولەکە، دەکرێ تیشکی زۆر بخاتە سەر چارەنووس و داهاتووی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەکەدا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە