شەش هەڵبژاردە لەبەردەم دوایین سێ کورسیی گەیشتن بەیۆرۆی ئەڵمانیادا

26-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆرۆی 2028 پاشکۆی پاڵاوتنەکانی یۆرۆ هەڵبژاردەی وێڵز هەڵبژاردەی جۆرجیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە سێ یاریگەی جیاوازی ئەوروپا، پەردە لەسەر کاروانی درێژی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 دادەدرێتەوە و ناوی دوایین سێ هەڵبژاردەی سەرکەوتوو بۆ یۆرۆی داهاتوو لە ئەڵمانیا ئاشکرا دەبێت.
 
ئەنجامدانی دوایین شەش یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی یۆرۆ، روونیدەکاتەوە دوا هەڵبژاردە گەیشتووەکان بەیۆرۆ کام هەڵبژاردانە دەبن و لەوێش رووبەڕووی کێ دەبنەوە.
 
هەردوو هەڵبژاردەی جۆرجیا و یۆنان لە تیبلیسی پایتەختی جۆرجیا بەیەکدەگەن و بۆ جۆرجییەکان یارییەکە روانینە لە دەروازەیەکی مێژوویی لەبیرنەکراو، چونکە دەکرێ بۆ یەکەمجار هەڵبژاردەی وڵاتەکە خۆی لە یۆرۆدا ببینێتەوە.
 
جۆرجیا لە یارییەکەدا جارێکی دیکە تواناکانی کڤاراتسیخێلیای ئەستێرەی یەکەمی بەدەستدەهێنێتەوە پاشئەوەی لە یاری قۆناخی پێشکۆتایی پاشکۆدا، بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکانەوە نەیتوانی بەشداریی بکات. گەڕانەوەی کڤارا پاڵنەرێکی دەروونیی گەورە دەبێت بۆ ئەو یاریزانانەی هەڵبژاردەکە کە بەبێ ئەو ئەستێرەیە لە یاریی پێشوودا سەرکەوتنیان بەسەر لۆکسمبۆرگدا بەدەستهێنا.
 
لە یاریگەی کاردیف سیتی لە وێڵز، هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە، بەدوای سێیەم بەشداریی لە یۆرۆدا دەگەڕێت و هەڵبژاردەکە بۆ یارییەکەی ئەمشەو تواناکانی ماتی کاشی بەرگریکەری لەدەستداوە بەهۆی پێکانەوە.
 
هاندەرە وێڵزییەکان، هیواخوازن لە کۆتایی شەوەکەدا، لەگەڵ یاریزانەکانیان ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن و راهێنەری هەڵبژاردەکە بەگەشبینییەوە لە ئاست و توانای تیپەکەی بۆ پەڕینەوە دەڕوانێت.
 
رۆبێرت پاگ، راهێنەری هەڵبژاردەی وێڵز دەڵێت،
"دەزانین کە هەڵبژاردەی پۆڵەندا ژمارەیەکی بەرچاو یاریزانی گەورەی هەن. راهێنەرێکی زۆر باشیشیان هەیە و ئەنجامی پۆزەتیڤ بەدەستدەهێنن لە ماوەی رابردوودا.. هەر بۆیە ئەوان لێرەن و ئەوە لەبەرچاو دەگرین. بەڵام بابەتەکە پەیوەندی بەخۆمانەوە هەیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە باشترین ئاست پێشکێش بکەین و من هەموو کات گوتوومە و ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە کە ئەگەر تەماشای ئاستمان بکەن، دەبینن و ئاماژەی ئەوە دەدۆزنەوە کە دەتوانین کارەکە بکەین، بەتایبەت کە لە یاریگەی خۆمانداین و هاندەرەکانمان لە پشتمانن".
 
پۆڵەندییەکان جارێکی دیکە دەیانەوێت خۆیان لە نێو گەورەکانی کیشوەری پیردا ببیننەوە و هەرزوو هاندەرەکانیان سنووری نێوان خۆیان و دراوسێ ئەڵمانییەکەیان ببڕن و بەلێشاو روو لەو وڵاتە بکەن، بۆ ئەوەی پشتگیری هەڵبژاردەکەیان بکەن لە یۆرۆدا.
 
پۆڵەندا ئەمشەو پێویستی زۆری بەدرەوشانەوە و گەڕانەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی یەکەمی هەیە بۆ سەردانکردنی گۆڵی وێڵز.
 
لیڤا کە وەرزێکی پڕ لەبەرزونزمی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، لە پێنج یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەشیدا نەیتوانیوە گۆڵ تۆماربکات، ئێستا درەوشانەوەی لیڤا داخوازیی هەرە گەورەی ئەو پۆڵەندییانەیە کە راهێنەرەکەیان هیواخوازە دۆخی یارییەکە بەو شێوەیە بێت، کە ئەوان دەیخوازن.
 
میشال پروبێرز راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، پێویستە زاڵبوونی خۆمان پێشان بدەین:
"دوایین رتووشی پلانی یارییەکەمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی وێڵز کردووە. ئامادەییەکی باشمان بۆ یارییەکە کردووە. دەزانین کە ئەوان پشت بە هەڵپەی باش و هێرشی پێچەوانە دەبەستن و باڵەکانیان زۆر بەکاردەهێنن، بەڵام ئێمە پێویستمان بەپەکخستنی هێزی ئەوان و زاڵکردنی شێوازی خۆمان هەیە. هیوادارین توانای ئەوەمان هەبێت لەسەرەتای یارییەکەوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەین و ستایلی خۆمان بسەپێنین و پارێزگاری لە هێزی مێشک و جەستەی خۆمان بکەین و من دڵنیام لەوەی توانای بردنەوەی یارییەکەمان هەیە".
 
ئۆکراینا هیواخوازە خۆی لە یۆرۆی داهاتوودا ببینێتەوە، کاتێک لە خاکی پۆڵەندادا میوانداریی ئایسلەندا دەکات و بۆ ئۆکراینییەکان گەیشتنە یۆرۆ زیاتر لە مانایەکی هەیە. سەرکەوتنی هەڵبژاردەکە بەرگێکی ئاڵنگاری بەرامبەر دۆخی سیاسیی و سەربازیی وڵاتەکە لە خۆ دەگرێت کە بەدەست جەنگی رووسیاوە دەناڵێنێت.. ئۆکراینا هیواخوازە لە یۆرۆدا پاڵنەر و پشتگیرییەکی گەورەی هاندەران و سۆزی جیهانی لەو کەرنەڤاڵە ئەوروپییەدا بۆخۆی بەدەست بهێنێت.
سیرهی ریبرۆڤ راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆکراینا، گوتوویەتی
"بێگومان هەست بەگوشارەکان دەکەین، هاوشێوەی هەموو ئەندامێکی دیکەی گەلی ئۆکراینا، چونکە ئەوان رۆژانە رووبەڕووی هێرشدەبنەوە و مووشەکباران دەکرێن. ئەستێرەکانمان دەزانن لەپێناو چیدا یارییدەکەن، لەپێناو ئۆکراینا، بەڵام من بە یاریزانەکانم گوت کە پێویستە لەسەریان ئەوە بکەن کە خۆشیان دەوێت، ئێمە لەپێناو ئۆکراینا و لەپێناو خۆماندا یارییدەکەین".
 
هەڵبژاردە بەشدارەکانی دوایین یاریی لە پاشکۆی پاڵاوتنەکان، لە دوایین هەنگاودا بەرەو ئەڵمانیا، هیواخوازن شەوێکی دیکە لە چوونەوە پاڵ گەورەکانی کیشوەرەکە بەدەست بهێنن و لەئێستاوە هاندەرەکانیان سەرگەرمی هاوینی داهاتوو و رووکردنە یاریگەکانی ئەڵمانیا بکەن، لەپێناو پشتگیری ئەو هەڵبژاردانەی لە دوا مەتری پێشبڕکێیەکەدا، لەبەردەم پەڕینەوەدان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە