هه‌موو شتێك له‌باره‌ی رۆجێر فێدێرێر (ئه‌فسانه‌ی تێنس)

27-07-2017
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن رۆجێر فێدێرێر
A+ A-

ئا: د. روستم ره‌سول برایم
* سه‌رۆكی یه‌كێتی تێنس ـ لقی هه‌ولێر

یاریزانی تێنسی سویسری، رۆجێر فێدێرێر، ناسراو به‌ (مایسترۆ)، توانی دووباره‌ مێژوویه‌كی پرشنگدار بۆ خۆی تۆماربكات كاتێك هه‌فته‌ی رابردوو توانی بۆ جاری هه‌شته‌م نازناوی پاڵه‌وانیه‌تی گراندسلامی ویمبلدۆنی (2000) خاڵی له‌ كاروانی وه‌رزشیی خۆی به‌ده‌ستبێنێت.

ئه‌م ریكۆرده‌ نوێیه‌و تاوه‌كو ئێستا هیچ یاریزانێك نه‌یتوانیوه‌ 8 نازناو له‌ ویمبلدۆن بباته‌وه‌. مایسترۆ توانی ریكۆردی هه‌ردوو یاریزان، ویلیام ریشناو 1889 و پیت سامپراس 2000 بشكێنێت، كه‌ پێشتر هه‌ریه‌كه‌و 7 جار ببوونه‌ پاڵه‌وانی ویمبلدۆن.

به‌ بردنه‌وه‌ی ویمبلدۆن، كۆی گشتی نازناوه‌كانی رۆجێر له‌ گشت پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی گراندسلام گه‌یشته‌ 19 نازناو (8 ویمبلدۆن، 5 ئه‌مه‌ریكای كراوه‌، 5 ئۆستورالیای كراوه‌ و یه‌ك رۆلان گارۆسی فه‌ره‌نسا)، به‌مه‌ش به‌ رادده‌یه‌كی باش مه‌ترسی نزیكترین ركابه‌ری له‌سه‌ر لاچوو، كه‌ ئه‌ویش ماتادۆری ئیسپانی رافایێل ناداله‌ و ته‌نیا 15 نازناوی هه‌یه‌.

رۆجێر فێدێرێر، كه‌ كه‌متر له‌ مانگێكی ماوه‌ تاوه‌كو ته‌مه‌نی بگاته‌ 36 ساڵ (8/8/1981)، بووه‌ به‌ ته‌مه‌نترین یاریزان كه‌ بتوانێت پاڵه‌وانیه‌تی ویمبلدۆن بباته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌شیان هه‌ر ریكۆردێكی نوێیه‌.
مایسترۆ فێدێرێر، خۆشه‌ویسترین یاریزانی تێنسه‌ له‌ مێژوودا، له‌ هه‌ر یاریگه‌یه‌ك یان هه‌ر وڵاتێك یاری بكات، زۆرترین هانده‌ر و پشتیوانی هه‌یه‌، له‌ رووی كه‌سایه‌تیش كه‌سێكی سادده‌و مرۆڤێكی ره‌وشتبه‌رزه‌، خێزانێكی به‌خته‌وه‌ری هه‌یه‌و خاوه‌نی 2 كچ و 2 كوڕی جمكه‌یه‌، سه‌رپه‌رشتی چه‌ندین ده‌زگای خێرخوازی مرۆییش ده‌كات.

رۆجێر، پاش ئه‌وه‌ی له‌ دوو ساڵی پێشوودا تووشی پێكانی ئه‌ژنۆی بوو، ماوه‌یه‌ك دووربوو له‌ نازناوه‌كان و ریزبه‌ندییه‌كه‌ی پاشه‌كشه‌ی كرد بۆ 17می جیهان، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2017 به‌هێز و جه‌سته‌یه‌كی پته‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ یاریكردن و راهێنه‌رێكی نوێی ده‌ستنیشانكرد، كه‌ ئیڤان لوبیچیچی كرواتییه‌. ئه‌و راهێنه‌ره‌ پێشتر ڕاهێنه‌ری یاریزانی كه‌نه‌دی راونیچ بوو و توانی ریزبه‌ندیه‌كه‌ی بگه‌ینێته‌ چواره‌م له‌ جیهان.

مایسترۆ له‌باره‌ی راهێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌موو كه‌سێك ئه‌گه‌ر به‌ ته‌مه‌ن گه‌وره‌ش بێت، هه‌رده‌م پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ شتی نوێ فێربێت، منیش ناتوانم به‌ ته‌نیا هه‌موو شتێك بكه‌م، ته‌نیا پێویستم به‌وه‌ هه‌یه‌ یه‌كێك به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌میش بێت یارمه‌تیم بدات".
شێوازی یاریكردنی مایسترۆ نزیكه‌ له‌ لوبیچیچ، پێشتریش 16 جار یارییان له‌گه‌ڵ یه‌كدی كردووه‌، لوبیچیچ  ته‌نیا 3 جار توانیویه‌تی له‌ فێدێرێر بباته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ مایسترۆ ته‌مه‌نی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مساڵ له‌ كۆی به‌شداریكردنی له‌ 6 پاڵه‌وانیه‌تیدا، توانیویه‌تی 5 جار ببێته‌ پاڵه‌وان (2 گراندسلامی 2000 خاڵی ئۆسترالیا و ویمبلدۆن، 2 پاڵه‌وانیه‌تی ماسته‌رزی 1000 خاڵی مه‌یامی و ئه‌ندیانه‌ ویلز و یه‌ك پاڵه‌وانیه‌تی چیمه‌نی جامی هۆپمانی 500 خاڵی).

له‌ جامی هۆپمانیش ئه‌وه‌ سێیه‌مجاره‌ مایسترۆ ئه‌م نازناوه‌ به‌رزده‌كاته‌وه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك له‌ده‌ستبدات و نۆیه‌م جاره‌ ئه‌م نازناوه‌ به‌ده‌ستبێنێت كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر ریكۆردێكی نوێیه‌.

هه‌ر له‌ ویمبلدۆن رۆجێر توانی مێژوویه‌كی تایبه‌ت بۆ خۆی تۆماربكات و چه‌ندین ریكۆردی شكاند. هه‌ر له‌ قۆناخی یه‌كه‌م ژماره‌ی سێرڤی ئێیسی گه‌یانده‌ 10000، كاتێك له‌ قۆناخی سێیه‌می پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا به‌سه‌ر میچا زیڤه‌رێڤی یاریزانی ئه‌ڵمانیدا سه‌ركه‌وت. ژماره‌ی هه‌موو بردنه‌وه‌كانی له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی گراندسلام بووه‌ 317 بردنه‌وه‌و پێش یاریزانی ئه‌مه‌ریكی سیرینا ویلیامز كه‌وت كه‌ پێشتر 316 بردنه‌وه‌ی هه‌بوو.

مایسترۆ، به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ یاری پێش كۆتایی به‌رامبه‌ر  یاریزانی چیكی تۆماس بێردیچ، بۆ جاری یازده‌م گه‌یشته‌ یاری كۆتایی، كه‌ هیچ یاریزانێك پێشتر نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌ده‌ستبێنێت له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی گراندسلامدا.
مایسترۆ، دووه‌م یاریزانه‌ له‌ مێژووی گراندسلامدا، كه‌ نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنابێت بێئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو قۆناخه‌كاندا هیچ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بدۆڕێت. ئه‌مه‌ ته‌نیا ساڵی 1976 روویداوه‌ كاتێك یاریزانی سوێدی، بۆرن بێرگ بووه‌ پاڵه‌وان بێئه‌وه‌ی هیچ  كۆمه‌ڵه‌یه‌ك له‌ده‌ستبدات.
له‌ فیناڵی ویمبلدۆنی 2017 مایسترۆ رووبه‌ڕووی یاریزانی كرواتی مارین سیلیچ بووه‌وه‌. ئه‌م یاریزانه‌ پێشتر له‌ گشت پاڵه‌وانیه‌تییه‌كاندا 30 جار گه‌یشتووه‌ته‌ یاری كۆتایی و 17 نازناوی هه‌بوو، كه‌ ته‌نیا یه‌كێكیان ماسته‌رزی 1000 خاڵی بوو له‌گه‌ڵ یه‌ك نازناوی گراندسلام، كاتێك توانی له‌ ساڵی 2014 ببێته‌ پاڵه‌وانی ئه‌مه‌ریكای كراوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌زموونی زۆر كه‌متربوو له‌ رۆجێر و خۆشی ده‌یزانی كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی قورسه‌، چونكه‌ له‌ هه‌مانكاتدا له‌ قاچی پێكانی هه‌بوو، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م فرمێسك له‌ چاوه‌كانی هاتنه‌ خواره‌وه‌.

پێشتر هه‌ردوو یاریزان 7 جار له‌گه‌ڵ یه‌كدی یاریان كردبوو، مایسترۆ 6 جار سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا بوو. ساڵی رابردووش هه‌ر له‌ ویمبلدۆن له‌ قۆناخی چاره‌كی كۆتایی یارییانكردو فێدێرێر زۆر به‌ زه‌حمه‌ت یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، چونكه‌ سیلیچ گه‌یشته‌ خاڵی كۆتای یارییه‌كه‌ (ماتچ پۆینت). سیلیچ ته‌نیا له‌ پاڵه‌وانیه‌تی ئه‌مه‌ریكای كراوه‌ بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر رۆجێر.

ئه‌گه‌ر  له‌ فیناڵی ویمبلدۆن مارین سیلیچ یارییه‌كه‌ی بردباوه‌، یه‌ك هه‌نگاو له‌ ریزبه‌ندی ده‌چووه‌ پێشتر، به‌ڵام به‌ دۆڕاندنه‌كه‌ی هه‌ر له‌ پله‌ی 6 مایه‌وه‌. فێدێرێر به‌بردنه‌وه‌ی نازناوی هه‌شته‌می ویمبلدۆن، دوو هه‌نگاو چووه‌ پێشه‌وه‌و ئێستا سێیه‌می ریزبه‌ندی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانه‌و یاریزانی سربی نۆڤاك جۆكۆڤیچ كشایه‌وه‌ چواره‌م.

ئێستا پاش ئه‌وه‌ی رۆجێر فێدێرێر گراندسلامی 19ی به‌ده‌ستهێناو سه‌رجه‌م نازناوه‌كانی له‌ كاروانی وه‌رزشیی خۆی گه‌یانده‌ 93 نازناو، كۆی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 6545 خاڵ. ته‌نیا 1205 خاڵ دووره‌ له‌ یاریزانی یه‌كه‌م  ئاندی مۆرای و 900 خاڵ دووره‌ له‌ ماتادۆڕی ئیسپانی رافایێل نادال كه‌ ریزبه‌ندی دووه‌می جیهانه‌.

هه‌موو شاره‌زایان، پسپۆڕان و شرۆڤه‌كارانی یاری تێنس له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌گه‌ر رۆجێر فێدێرێر به‌م ئاسته‌ به‌رزه‌ی به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا هه‌ر ئه‌مساڵ وه‌ك پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یه‌كه‌می جیهان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە