رووداو دیجیتاڵ
تیپی خانمانی بارسێلۆنا، ئامانجی ئەوەیە بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی خانمان.
خانمانی بارسێلۆنا ئەمشەو لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری خانمانی چێڵسی دەکەن، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی خانمان.
کەتەلۆنییەکان لە خانمانی چێڵسی نزیکترن بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی، بەو پێیەی لە یاریی چوونددا لە لەندەن بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
بارسێلۆنا لە ساڵی 2021 لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە ئەنجامی 4-0 لە چێڵسی بردبووەوە، بۆیە خانمانی چێڵسی بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێن، بۆ ئەو مەبەستەش دوایین مەشقی خۆیان ئەنجامداوە و هێشتا هیوایەکیان ماوە سوپرایزێک لەنێو یاریگەی بارسێلۆنادا بکەن و تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، ئەگەرچی ئەوە ئەرکێکی ئاسان نابێت بۆ خانمانی لەندەن.
تیپی خانمانی بارسێلۆنا لەم یارییەدا بێبەش دەبێت لە تواناکانی یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین یاریزانانی، کە لوسی برۆنزی خانمە بەرگریکاری ئینگلیزی بەهۆی پێکان لە ئەژنۆیدا ناتوانێت یاری بکات.
کچانی ئیما هایسی راهێنەری چێڵسی، دەبێت لەنێو یاریگەی کامپ نودا لانیکەم دوو گۆڵ تۆماربکەن ئەگەر بیانەوێت بگەنە یاریی کۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ