کاپتنە کوردەکەی بۆرووسیا دۆرتموند، لە رێگەی رووداوەوە هۆکاری یارینەکردنی بۆ عێراق ئاشکرادەکات

26-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رێبەر حوسنی بابیر بۆرووسیا دۆرتموند
A+ A-

رووداو دیجیتال

خانەوادەی رێبەر حوسنی بابیر، یاریزانی کوردی ئێزدیی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، هۆکاری یاری نەکردنی ئەو یاریزانە بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، بۆ تۆڕیی میدیای رووداو ئاشکراکرد، یاریزانەکەش بە رووداوی گوت "هیوادارم لە داهاتوودا بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاریی بکەم".

سەرەڕای ئەوەی هێشتا میدیای عێراقی و کوردستانی پێیانوایە رێبەر لە میسر لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەردەوامە، کە ئێستا بەشداری لە جامی لاوانی عەرەب بۆ تەمەن خوار 19 ساڵی دەکات، بەڵام خانەوادەی یاریزانەکە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، پشتڕاستیکردەوە کە یاریزانەکە لە میسرەوە گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا و پەیوەندی بە یانەکەیەوە کردووەتەوە.

بە قسەی خانەوادەی رێبەر، ئەو یاریزانە گەشتی بەغدای کرد و پەیوەندی بە ریزەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقەوە کرد، بەڵام دواتر بەربەست هاتنە پێشی، چونکە پاسپۆرتی عێراقی نەبووە و یانەی بۆرووسیا دۆرتموندیش نەیویستووە یاریزانەکەی تووشی هیچ کێشە و سەرقاڵییەک ببێت و بڕیاریداوە رێگە بە رێبەر نەدات یاریی بۆ عێراق بکات، لەبەرئەوە رێبەر گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا و پەیوەندی بە بۆرووسیا دۆرتموندەوە کردووە.

عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، سەرەتا 6 یاریزانی کوردی بۆ ریزەکانی تیپەکەی بانگهێشت کرد، بۆ ئەوەی لە میسر بەشداری لە جامی لاوانی عەرەب بکەن، کە بریتی بوون لە هەریەک لە یاریزانان، عەبدولقادر ئەیوب، عەلی شاخەوان، مەسرور فەخرەدین، کە ئەمانە بۆ یانەی هەولێر یاری دەکەن، هەروەها شوان سیروانی یاریزانی تیپی لاوانی یانەی لازیۆی ئیتالی، بەڵام ئەمیان گەڕایەوە ئیتالیا و رازی نەبوو راهێنەر وەک یاریزانێکی یەدەگ یاریی پێبکات، هەروەها بڵند حه‌سه‌نیش یەکێکی دیکەیانە، کە كوردێكی دیكه‌ی ئه‌وروپایه‌ و له‌دایكبوونی ساڵی 2003ـە و یاری بۆ یانه‌ی دی گرافشابی هۆڵه‌ندی ده‌كات، زێدەباری رێبەر حوسنی کە ئەویش گەڕایەوە ئەڵمانیا.

ئەو سەرچاوەیە، بە رووداوی گوت "عیماد محەممەدی راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، بەڵێنی بە رێبەر داوە لە جامی لاوانی ئاسیادا بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق بکاتەوە و وەک کاپتنی تیپەکە یاریی پێبکات".

رێبەر حوسنی بابیر، بە رووداوی راگەیاند کە زۆر خۆشحال بووە کاتێک رووداو بایەخی پێداوە و گوتی "ئەو هەواڵەی لە پۆرتالی رووداو لەسەر من بڵاوکرایەوە، بردمە لای راهێنەرەکەم لە بۆرووسیا دۆرتموند و بەشانازییەوە پێمگوت "من کوردم و راگەیاندنی وڵاتەکەم بایەخم پێدەدات".

رێبەر بە رووداوی گوت "چەندین یانەی ئەوروپا دەستەوارەیان پێشکەش کردووم، لەوانەش بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و بێشکتاشی تورکی، بەڵام لەبەرئەوەی لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند ئاسوودەم و ماڵمان لە بیلێفێڵدە و نزیکە لە شاری دۆرتموند، نەمویستووە پەلە بکەم".

ئەو لە درێژەی لێدوانیدا، بۆ رووداو، گوتی "هیوادارم سەردانی کوردستان بکەم، من زۆر حەز لە کوردستان و خەڵکەکەی دەکەم".

رێبەر، کە زۆر سەرسامە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، هیوای خواست لە داهاتوودا یاریی بۆ هەڵبژاردەی کوردستان بکات و بەو پەڕی متمانەوە گوتی "خەون بەوە دەبینم رۆژێک ببمە باشترین یاریزانی جیهان". هەروەها گوتیشی "هەر کاتێک کوردستان پێویستی بە من بێت، ئامادەم یاریی بۆ بکەم".

رێبەر کوردێکی ئێزدییە، لە 2ـی مانگی 8ـی 2005 لە قەزای شەنگالی باشووری کوردستان لەدایکبووە و ساڵی 2011 لەگەڵ خانەوادەکەی چوونەتە ئەڵمانیا و لە شاری بیلێفێڵد نیشتەجێبوونە.

رێبەری تەمەن 16 ساڵ، پێشتر بۆ تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی ئەرمینیا بیلێفێڵدی ئەڵمانی یارییدەکرد و دواتر چووە ریزەکانی بۆرووسیا دۆرتموند، کە ئێستا بۆ تیپی لاوانی ئەو یانەیە یاریی دەکات، ئەو کە لە هێڵی هێرشبردن یاری دەکات و کاپتنی تیپەکەیەتی، بە چوار زمان دەتوانێت قسەبکات، کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و ئینگلیزی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە