رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی و کریستینا سێرای هاوژینی، لە پرۆسەیەکی ئاسان و بێ کێشەداکۆتایی بە هاوژینییەکەیان دەهێنن و لە یەکدی جیادەبنەوە.
ئەو دوو هاوژینە لە مانگی یەکدا دوای 30 ساڵ لە هاوسەرگیری جیابوونەوەیان لە یەکدی راگەیاند، هەرچەند میدیای بەریتانیا باس لە هەندێک هۆکاری لاوەکی بۆ جیابوونەوەی هەردوولا دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی جیابوونەوەیان روون نییە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە هەردووکیان هەمان تیمی پارێزەریان بەکرێ گرتووە بۆ راییکردنی کارەکان و مامەڵەکانی جیابوونەوەیان.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشتر پێپ و سێرا لەسەر مەرجە داراییەکان رێککەوتوون، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و منداڵەکانیان.
پێپ گواردیۆلا و کریستینا سێرای هاوژینی خاوەن دوو کچ و کوڕێکن بە ناوەکانی، ماریا، ڤالانتینا و ماریۆس.
هەردووکیان کۆکن لەسەرئەوەی پارە نابێتە کێشە لەنێوانیاندا و بەشێوەیەکی دۆستانە کۆتایی بە هاوسەرگیرییەکەیان دەهێنن.
گواردیۆلا سەرنجی لەسەر وەرزی ئەمساڵی مانچێستەر سیتی دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا یانەکە لە چامپیۆنزلیگ کراوەتە دەرەوە و لە پرێمەرلیگیشدا لە دۆخێکی باشدا نییە.
جیابوونەوەی گواردیۆلا و هاوژینەکەی کاردانەوەی گەورەیان دروستکرد، بەشێکی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا دەڵێن "سێرا بە گواردیۆلای گوتووە، چیدیکە ناتوانێت لە ئینگلتەرا بژی و دەیەوێت بگەڕێتەوە ئیسپانیا"، ئەمە وەکو هۆکارێک بۆ جیابوونەوەی هەردوولا لێکدرایەوە، بەڵام هیچ یەکێکیان لەبارەی جیابوونەوەیان لێدوانی فەرمییان نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ