رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی دراماتیکی و پڕگۆڵدا، لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسانبوون.
یاریی چوونی ئەم قۆناخە لەنێوان هەردوو یانە لە یاریگەی مونجویک بەڕێوەچوو، دوای 48 چرکە یارییکردن، جولیان ئەلڤارێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
لە خولەکی 5 ئانتوان گریزمان، لە هێرشی سێیەمی یانەکەیدا گۆڵی دووەمی بە ئاسیستی ئەلڤارێز تۆمارکرد و ئاتلێتیکۆ مەدریدی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
لە خولەکی 19 پێدری ئەنجامەکەی بۆ بارسێلۆنا کەمکردەوە و گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
دوای دوو خولەک پاو کوبارسی بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی ئاتلێتیکۆ مەدریدی هەژاند و بەلێدانی سەر ئەنجامەکەی راستکردەوە و بارسای گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە.
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە چوار خولەک، ئینیگۆ مارتینێز بارسێلۆنای پێشخست و گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
نیوەی دووەمیش هاوشێوەی نیوەی یەکەم سەرنجڕاکێش و بەهێز بوو، لە خولەکی 74 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵی چوارەمی بۆ بارسا تۆمارکرد، یانەکەی لە بردنەوە نزیککردەوە، بەڵام نەیانتوانی پارێزگاری لە ئەنجامەکە بکەن.
خولەکی 84 مارکۆ یۆرێنتی ئەنجامەکەی بۆ ئاتلێتیکۆ کەمکردەوە و گۆڵی سێیەمی بۆ یانەکە تۆمارکرد، پێشکۆتاییهاتنی یارییەکە و لە کاتی زیادکراودا ئەلیکساندەر سۆرلۆس ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و رێگەی نەدا بارسێلۆنا یارییەکە بباتەوە.
یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە بە یەکسانبوون بە چوار گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، یاریی گەڕانەوە رۆژی 2-4 لە مەدرید بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ