رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئەیسی میلان دەیەوێت هەرچی زووە گرێبەستی رافایێل لیاو نوێبکاتەوە، بۆ ئەوەی لە چاوی یانە گەورەکانی ئەوروپا بیپارێزێت.
لیاو دوای بردنەوەی نازناوی سێریا ئەی لەگەڵ میلان، بەباشترین یاریزانی خولی ئیتاڵیا دەستنیشانکراو، رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت " ریال مەدرید دەستەوارەیەکی بە 120 ملیۆن یۆرۆ ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی پێشکێشی ئەو یاریزانەی بکات، کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 150 ملیۆن یۆرۆیە."
لیاو گرێبەستەکەی لەگەڵ میلان لە 2024 کۆتاییدێت و یانەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی تاوەکو 2026 درێژبکاتەوە و مووچەکەشی بۆ 5 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدی و یانەی ئەیسی میلان دەیەوێت وەرزی داهاتووش لە یارییکردن بەردەوامبێت و واز لە یارییکردن ناهێنێت.
رۆژنامەی کۆریێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت " ئیبراهیمۆڤیچ خۆی بەدەستەوە نادات، یاریزانەکە لەم هەفتەیەدا نەشتەرگەرییەکی بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی کێشەکانی ئەژنۆی بەتەواوی چارەسەرببن، دوای ئەوەش دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکان و وەرزی داهاتووش بەردەوامدەبێت، لە بەرامبەر ئەوەدا یاریزانەکە 2.5 ملیۆن یۆرۆ مووچەی پێدەدرێت و چەند پاداشتێکیش وەردەگرێت."
ئیبراهیمۆڤیچ ئێستا 40 ساڵە و 5 مانگ و 9 رۆژی دیکە تەمەنی دەبێتە 41 ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ