لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو لە گواردیۆلاوە

24-11-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دەڵێت "لە یانەکە دەمێنمەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ خولی پلە یەکیش داببەزێنرێت."
 
گواردیۆلا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بە لە یاریی لووتکەی گەڕی سێزدەی پرێمەرلیگ، بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول کە رۆژی شەممە کاژێر 15:30 بەڕێوەدەچێت، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
گواردیۆلا لە کۆنگرەکەدا لەبارەی یارییەکەوە گوتی "پێموایە هەمووان هاوڕێی یەکدین، یارییەکەمان بەرامبەر لیڤەرپوول هەمیشە بەهێزترین رکابەریی تێدابووە، لیڤەرپوول یانەیەکی گەورەیە، تیپێکی گەورەیە، ئێمە بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی رکابەری لەمشێوەیە دەکەین."
 
لەبارەی بەشداریکردنی ئێرلینگ هالاند لە یارییەکەدا، گواردیۆلا دەڵێت "دوێنێ بەشداریی لە مەشقەکاندا کرد، بەڵام هەندێک ئازاری هەبوو، ئەمڕۆ دوایین راهێنان دەکەین و هیوادارم بەشێک بێت لە تیپەکەمان."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە رکابەریی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول هاوشێوەی رکابەری بارسێلۆنا و ریال مەدریدە؟ گواردیۆلا لە وەڵامدا گوتی "پێموایە ئەوە جیاوازە، لە دەیەی رابردوودا لەو کاتەوەی هاتوومەتە ئێرە لیڤەرپوول هەمیشە رکابەرمان بووە، هەموو ستایشێک بۆ لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی."
 
گواردیۆلا ستایشی یۆرگن کڵۆپ دەکات و دەڵێت "ئەو لە رێگەی تیپەکەیەوە من دەکاتە راهێنەرێکی باشتر، ئەو خاوەنی داروین نونێز و محەممەد سەڵاحە و بێگومان تیپێکی نایابی هەیە."
 
پێپ چووە سەر پرسی ئەگەری سزادانی یانەکە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە داهاتووەکەی چی بەسەردێت ئەگەر یانەکەی بەهۆی لادان لە یاسای یاریی خاوێن سزادرا؟ گواردیۆلا گوتی "ئێوە لێپرسینەوەم لەگەڵ دەکەن، وەک ئەوەی سزادرابین، ئێمە بێتاوانین تاوەکو ئەو کاتەی دەسەلمێنرێت."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی مانچێستەر سیتی زیاتر گوتی "هەندێک خەڵک دەیانەوێت مانچێستەر سیتی سزابدرێت، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا بێتاوانین."
 
گواردیۆلا لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "لە ئەگەری چوونمان بۆ خولی پلە یەک ئەگەری مانەوە زیاترە لەوەی کە ئەگەر چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، بۆیە لەگەڵ یانەکە دەمێنمەوە، ئەگەر بچینە خولی پلە یەکیش."
 
رۆژی شەممە لە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگدا مانچێستەر سیتی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە میوانداریی یانەی لیڤەرپوول دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە