پەیامی عەلی دایی بۆ رۆناڵدۆ دوای یەکسانکردنەوەی ریکۆردەکەی

24-06-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆناڵدۆ و عەلی دایی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

عەلی دایی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەنێرێت، دوای یەکسانکردنەوەی ریکۆردەکەی لەلایەن ئەستێرە پۆرتوگالییەکەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا، لە یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا دوو گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەلێدانی سزا تۆمارکرد، بەمەش ریکۆردی زۆرترین گۆڵی بەدرێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە لەگەڵ عەلی دایی ئێرانی یەکسانکردەوە و بووە خاوەنی 109 گۆڵ، کە جگە لەو دوو یاریزانە هیچ یاریزانێکی دیکە ئەو ریکۆردەیان تۆمار نەکردووە.

دوای یەکسانکردنەوەی ریکۆردەکە، عەلی دایی پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ نارد و تێیدا دەڵێت " جوانترین پیرۆزبایی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەم، کە یەک گۆڵ دوورە لە شکاندنی ژمارەی مێژوویی لە تۆمارکردنی گۆڵی نێودەوڵەتیدا ".

ئەستێرەی پێشووی ئێران لەسەر ئینستاگرامەکەی زیاتر نووسیوویەتی " شانازی بەوەوە دەکەم کە ریکۆردەکە لەلایەن رۆناڵدۆوە دەشکێندرێت، یاریزانێکی گەورەی تۆپی پێ، پاڵەوان، کەسێکی ئیلهام بەخش و کاریگەرە بۆ ژمارەیەکی زۆر کەس لە جیهاندا ".

رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی ئەو دوو گۆڵە، لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا بووە خاوەنی 14 گۆڵ و گۆڵکاری مێژووی پاڵەوانێتییەکەیە.

جگە لەوەش ئەستێرە 36 ساڵەکەی پۆرتوگال، یەکەم یاریزانی ئەوروپییە لەسەر ئاستی جیهان 20 گۆڵ یان زیاتر لە مێژووی پاڵەوانێتییە گەورەکاندا ( مۆندیال و جامی نەتەوەکانی ئەوروپا)ـدا تۆماربکات.

دۆن رۆناڵدۆ بەر لە یارییەکەی شەوی چوارشەممەی بەرامبەر فەرەنسا، پێشتر شەش یاریی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە کردبوو و هیچ گۆڵێکی نەکردبوو، بەڵام لەو یارییەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتن بە قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2020 و لەو قۆناخەشدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیکا یەکێک لە بەهێزترین یارییەکان ئەنجامدەدەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە