ریال مەدرید، چاڤی هێرناندێزی لە راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا دوورخستەوە

24-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکەی راگەیاند و رۆژی یەکشەممە ئەو راهێنەرە دوایین یاریی وەکو راهێنەری یانەکە بەرامبەر یانەی سێڤییا ئەنجامدەدات.
 
بارسێلۆنا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چاڤی لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی بارسێلۆنا دراوە'
 
بارسێلۆنا لە بەرامبەر کارکردنی لە ماوەی رابردوودا وەکو راهێنەری بارسێلۆنا، سوپاسی کارەکانی چاڤی هێرناندێز دەکات.
 
دوورخستنەوەی چاڤی لە راهێنەرایەتیکردنی یانە کەتەلۆنییەکە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە و چاڤی بەیەکەوە بڕیاری بەردەوامبوونیاندا، بەڵام دوای مانگێک بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان راهێنەرەکە دوورخرایەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لە دوای چاڤی هێرناندێز، هانزێ فلیک، راهێنەری ئەڵمانی و پێشووی یانەی بایرن میونشن دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانە کەتەلۆنییەکە.
 
چاڤی وەکو راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، 141 یاریی ئەنجامداوە، 89 یاریی بردووەتەوە، 23 جار یەکسانبووە، رێژەی بردنەوەکانی لەگەڵ بلاوگرانا 62.7٪ـە، نازناوێکی لالیگا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیای بردووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، لە دوایین گەڕی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی لالیگادا، چاڤی هێرناندێز بۆ دوایینجار وەکو راهێنەری بارسێلۆنا لە یاریی بەرامبەر سێڤییا دەردەکەوێت و دوای ئەوە ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات.
 
بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز، لە راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا لە دوای ئەو قسانە دێت کە راهێنەرەکە لەبارەی یانەی ریال مەدریدەوە کردی و هەفتەی رابردوو گوتی "ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ دەکات و ئێمەش لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپداین."
 
دوای ئەم قسانەی چاڤی، پەیوەندییەکانی خوان لاپۆرتا لەگەڵ راهێنەرەکە بەرەو خراپی چوون و ئەوە بووە هۆکاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە لە راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی دەیەوێت چاڤی هێرناندێز، بکاتە راهێنەری داهاتووی یانەکەی، دوای ئەوەی ستیفانۆ پیۆلی لە یانەکە دەڕوات."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە