ڤیدیۆ؛ ئەڵمانیا دوایین تاقیکردنەوە بۆ ئاستی خۆی بەرامبەر سویسرا دەکات

23-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەڵمانیا - سویسرا 22:00
ئەڵمانیا - سویسرا 22:00
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەڵبژاردەی سویسرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوایین مەشقەکانی خۆی بۆ دوایین گەڕی رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان ئەنجامدا.
 
ئەڵمانیا دوو یاریی سەرەتای لە یۆرۆدا بردەوە، هەڵبژاردەکە بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت، یەکەم هەڵبژاردە بوو گەیشتە قۆناخی شازدە و بۆ یەکەمجار لە مێژووشدا هەڵبژاردەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە دوو یاریی سەرەتادا 7 گۆڵی تۆمارکرد.
 
مانشافت بۆ یارییەکەی بەرامبەر سویسرا ئامادەیە، ئەوان سەرکەوتنیان یەکلابووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت یولیان نایگێلسمان چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوی لە بردنەوەی سێیەمی لەسەریەکە و دەیەوێت بە سێ بردنەوەی لەسەریەک لە قۆناخی شازدەدا دەربکەوێت.
 
سویسرا دەکرێت بۆ ئەڵمانیا تاقیکردنەوەیەکی زۆرباش بێت، بۆ ئەوەی نایگێلسمان زیاتر و باشتر لە توانای تیپەکەی تێبگات و ئەو بۆشایانەی لە تیپەکەدا هەن بۆ قۆناخی داهاتوو پڕبکاتەوە.
 
هەڵبژاردەی سویسرا بەبردنەوەیەک و یەکسانبوون خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەمە، ئەوان بە رێژەیەکی زۆر سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو یەکلابووەتەوە، بەڵام بەرامبەر ئەڵمانیا دەیانەوێت تاقیکردنەوە ئاڵۆزەکە بە ئەنجامێکێ ئەرێنی تێبپەڕێنن.
 
سویسرا خاوەنی یاریزانی زۆرباشە و لە دوو یاریی رابردووشدا ئاستی هەڵبژاردەکە سەرنجی زۆری بەلای خۆیدا راکێشاوە، ئەوان بەرامبەر میوانداری یۆرۆ بە ئارامییەکی باشترەوە یارییدەکەن و بە متمانە بەخۆبوونەوە رووبەڕووی ئەڵمانیا دەبنەوە.
 
وڵاتە ئارامەکەی جیهان، لەسەر ئاستی تۆپی پێش بە ئارامی کاردەکات و دەیەوێت هەر بەو ئارامییەش تاوەکو دوورترین قۆناخەکانی یۆرۆ لەسەر هەنگاوەکانی بەردەوامبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە