رووداو دیجیتاڵ
باوکی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی لەلایەن پۆلیسی ویلایەتی ریۆ دی جانیێرۆی بەرازیلەوە دەستگیرکرا، ئەمەش بەهۆی شکاندنی یاساوە.
رۆژنامەکانی بەرازیل ئەم هەواڵەیان بڵاوکردەوە و ئاشکرایان کرد کە پۆلیسی ویلایەتی ریۆ دی جانیێرۆ و تیمێک لە بەرپرسانی کاروباری ژینگەی بەرازیل هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆشکەکەی نەیمار داسیلڤا و باوکی ئەو یاریزانەیان دەستگیرکردووە.
نەیمار سانتۆس جونیۆر، کە دەکاتە باوکی نەیمار داسیلڤا بەهۆی ئەوەی کە ویستوویەتە لە بەردەم کۆشکی کوڕەکەیدا لە شاری ریۆ دەریاچەیەک دروست بکات، بەبێ بوونی مۆڵەت و بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنی بەرپرس، هەربۆیە پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیگیریان کردووە و کارەکانی دروستکردنی ئەو دەریاچەیەیان راگرتووە.
باوکی نەیمار ویستوویەتی دەریاچەکە بە نایاسایی دروستبکات، ئەمەش بەرپرسانی ژینگەی بەرازیلی تووڕەکردووە چونکە دەبێتە هۆی گۆڕینی رێڕەوی ئاو و دژی ژینگەیە، هەروەها هیچ مۆڵەتێكیشی بۆ ئەو کارە نەبووە.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی "UOL Esporte" باوکی نەیمار سزای زیندانیکردنی بەسەردا ناسەپێت، بەڵکو بەبڕی 960 هەزار یۆرۆ سزادەدرێت.
ئەو ڤێلایەی کە نەیمار هەیە دەکەوێتە ناوچەی کۆستا ڤێردی لە ویلایەتی ریۆ دی جانیێرۆ، نرخی ڤێلاکە دەگاتە 28 ملیۆن ریالی بەرازیلی کە 5.87 ملیۆن یۆرۆ دەکات، رووبەری ڤێلاکەش 5 هەزار مەتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ