ئیبراهیمۆڤیچ: من رابردوو، ئێستا و داهاتووم

22-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ هەڵبژاردەی سوێد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، گەڕایەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی سوێد کە خۆی بۆ پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 ئامادە دەکات. ئیبرا رایگەیاند دەیەوێت لە یۆرۆی داهاتوودا بەشداری بکات کاتێک تەمەنی 42 ساڵە و بەوەش ببێتە بەتەمەنترین یاریزان لەو پاڵەوانێتییەدا.
 
هێرشبەرەکەی یانەی میلانی ئیتاڵی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەگەر هەستمکرد لە دۆخێکی باشدام و توانای یاریکردنم هەیە و راهێنەریش هەلی یاریکردنم دەداتێ، ئەوکات بەدڵنیاییەوە هاوکاریی تیمەکە و راهێنەر دەکەم و هەموو توانای خۆم بۆ خزمەتی وڵاتەکە خەرجدەکەم.
 
ئیبرا زیاتر دەڵێ، لە تەمەنی مندا ناکرێ بیر لە داهاتوو بکرێتەوە، بەڵکو دەبێ بیر لە ئێستا بکرێتەوە، بەڵام من خۆم رابردوو، ئێستا و داهاتووم.
 
ئەگەر ئیبرا لە یەکێک لە دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی سوێد لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ بەرامبەر بەلجیکا و ئازەربایجان بەشداری بکات، ژمارەی پێوانەیی دینۆزۆفی گۆڵپارێزی ئیتاڵی دەشکێنێت کە لە تەمەنی 40 ساڵ و 90 رۆژدا بەشداریی لە یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆدا کردووە لە ساڵی 1983.
 
ئیبرا، لە سێری ئادا ژمارەی پێوانەیی کرد بەناوی خۆیەوە پاشئەوەی لە تەمەنی 41 ساڵیدا لە یاریی نێوان ئۆدینێزی و میلان گۆڵی تۆمارکرد.
 
ئیبراهیمۆڤیچ دەڵێ، من بۆیە بەردەوامم تاوەکو بەراورد بکرێم بەوانیدیکە، ئەوە تەنیا لەبەر تەمەنم نا، بەڵکو لەبەر ئاستیشم، من لێرە نیم بۆ ئەوەی کاری باش بکەم، لێرەم بۆ ئەوەی یاریی بکەم و ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، هیوادارم لەوەدا بەردەوام بین.
 
پێشتر ژمارەی پێوانەیی گەورەترین تەمەنی یاریزان کە لە یۆرۆدا بەشداریی کردبێت بەناوی گابۆر کیرالیی هەنگارییە کە ساڵی 2016 و لە تەمەنی 40 ساڵیدا بەشداریی یۆرۆی کردووە.
 
هەڵبژاردەی سوێد لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ لە کۆمەڵەی شەشەم یاریدەکات کە هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، نەمسا، ئیستۆنیا و ئازەربایجان لە خۆ دەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە