لە ئەڵمانیاوە گورزێک بەر ریال مەدرید کەوت

21-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلفۆنسۆ دەیڤز ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی گورزێکی گەورەی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دا، و نەیهێشت بەئامانجەکەی بگات، کە هەوڵی دەدا یاریزانێکی یانەی باڤاری بەبێ بەرامبەر بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
ریال مەدرید بەهیوای ئەوەبوو گرێبەستێکی بەهێز بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک خەرج بکات، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی کردی، کە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان گرێبەستی لەگەڵدا واژۆکرد.
 
ریال مەدرید دانوستاندنی لەگەڵ ئەلفۆنسۆ دەیڤزی کەنەدی کرد بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات، چونکە گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت.
 
بەڵام رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بایرن میونشن سەرکەوتوو بووە لە رازیکردنی دەیڤز بۆ مانەوە لەگەڵ یانەکەی باڤاریا.
 
ریال مەدرید دەیەوێت ئەو ستراتیژانە بگۆڕێت کە لەگەڵ ئالابا و ئێمباپێ بەکارهێنراون، بڕیاریشدا ئەو ماوەیەی کە مابووی گرێبەستەکەی دەیڤز لەگەڵ بایرن بکڕێتەوە، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە داوای بڕە پارەیەکی نزیک لە 50 ملیۆن یۆرۆی دەکرد، ئەو بڕە پارەیەی یانەی ریال مەدرید بە ناڕەوا دەزانی، و پێی باشتربوو چاوەڕێ بکات تاوەکو گرێبەست لەگەڵ کردنی دوابخات تاوەکو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی بەبێ بەرامبەر بباتە ریزەکانی.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە تەمەن 24 ساڵە لەگەڵ کارگێڕیی بایرن دەستی کردووە بەجوڵە، دەرئەنجام بایرن و دەیڤز بە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ و رێکدەکەون و بەهۆیەوە ئەو یاریزانە تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 لە ئەلیانز ئارێنا دەمێنێتەوە و کۆی مووچەکەی دەگاتە 15 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە.
 
ئەم درێژکردنەوەیە رێگە بە بایرن میونشن دەدات پێداویستییە داراییەکانی بەشێوەیەکی یەکسانتر لە ماوەی گرێبەستە درێژخایەنەکەدا دابەش بکات.
 
مارکا دووپاتی دەکاتەوە، ریال مەدرید وازی لە بیرۆکەی گواستنەوەی ئەلفۆنسۆ دەیڤز هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا هەستی کرد هەوڵەکانی بەبێ ئەنجام کۆتایی دێن، چونکە یانە ئەڵمانییەکە سەرکەوتوو بووە لە رازیکردنی یاریزانە کەنەدییەکە بە مانەوە لە باڤاریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە