لیستی مووچەی یاریزانانی بارسا ئاشکرا دەبێت

20-08-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا هەموو هەفتەیەک زیاتر لە چوار ملیۆن یۆرۆ لە مووچەی یاریزانانیدا خەرج دەکات.
 
کۆمەڵێک وردەکاری ئەو لیستە زەبەلاحەی مووچەی ئەو یانەیە دەخرێتەڕوو.
 
بارسێلۆنا چەند ساڵێکە تووشی قەیرانی دارایی بووە و لە هەوڵدابووە بۆ ئەوەی مووچەی یاریزانانی کەمبکاتەوە، لە هەمانکاتدا کار بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێش بکات.
 
لەلایەکی دیکەشەوە دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا چەندین کۆت و بەندی لەسەر ئەو یانەیە داناوە بە تایبەت لەسەر بابەتی نانووسکردنی یاریزانان.
 
بەپێی ماڵپەری کاپۆلۆجی، یانەی بارسا ساڵانە 226 ملیۆن یۆرۆ بۆ مووچەی یاریزانەکانی خەرجدەکات، ئەو ژمارەیەش یەکجار بەرزە.
 
فرێنکی دی یۆنگ، بەرزترین مووچەی لە یانەکە هەیە، مووچەی ساڵانەی بە نزیکەی 37 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، و نرخی شکاندنی گرێبەستی ئەو یاریزانە هۆڵەندییە 400 ملیۆن یۆرۆیە، یانە کەتەلۆنییەکە لە هەوڵدابووە بۆ فرۆشتنی ئەو یاریزانە بۆ رزگاربوون لە مووچە بەرزەکەی بەڵام هیچ یانەیەک ئامادەنەبووە هەمان مووچەی پێبدات.
 
لیڤاندۆڤسکیی تەمەن 35 ساڵ، مووچەی ساڵانەی  33 ملیۆن یۆرۆیە، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت.
 
ئیلکای گوندۆگان، ساڵانە 18 ملیۆن یۆرۆ لە یانە کەتەلۆنییەکە وەردەگرێت.
 
ئەوەی بووەتە جێی باسی میدیاکان مووچە خەیاڵییەکەی ئانسو فاتییە، ئەو یاریزانە لاوە ساڵانە 13 ملیۆن یۆرۆ بە مووچە وەردەگرێت و نرخی شکاندنی گرێبەستەکەی یەک ملیار یۆرۆیە.
 
لە هەمانکاتدا، یاریزانە لاوەکانی لاماسیا کە لە ئێستا بە گرنگترین یاریزانەکانی یانەکە دادەنرێن، مووچەکانیان زۆر کەمترە لە یاریزانەکانی دیکە.
 
لامین یاماڵ، ئەستێرەی بلاوگرانا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، مووچەی ساڵانەی تەنیا ملیۆنێک و 500 هەزار یۆرۆیە.
 
فیرمین لۆپێز، گۆڵکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە ئۆڵیمپیاد و ئەستێرەی یانە کەتەلۆنییەکە، ساڵانە تەنیا 630 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.
 
کوبارسی، مووچەی ساڵانەی چوار ملیۆن یۆرۆیە.
 
ئەوەی وا لە یانەی بارسا دەکات کە ئەرکی قورس بێت لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانی ئەوەیە کە نرخی شکاندنی گرێبەستی یاریزانەکانی زۆر بەرزە. بۆ نموونە هەریەکە لە 'فاتی، کۆندی، رافینیا، فێران تۆرێس، پێدری، ئاراوخۆ، گاڤی، باڵدی و یاماڵ' نرخی شکاندنی گرێبەستەکانیان یەک ملیار یۆرۆیە.
تەنانەت یاریزانانی وەک ئۆریۆل رۆمیۆ و ئیریک گارسیاش نرخی شکاندنی گرێبەستیان 400 ملیۆن یۆرۆیە.
 
ئەم مووچە بەرزانەی یاریزانانی یانەی بارسا بوونەتە بارقورسییەکی زۆر بەسەر شانی یانەکە، وایکردووە کە یانەکە ئاستەنگی ببینێت لە ناونووسکردنی بەشێک لە یاریزانە نوێیەکانی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە