رووداو دیجیتاڵ
جامی کەنداوی 25 لە شاری بەسرەی عێراق کۆتاییهات، هەڵبژاردەی عێراق بۆ جاری چوارەم نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە و تۆڕی میدیایی رووداویش زۆرترین بینەری هەبوو و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی یارییەکانی گواستەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە، تۆڕی میدیایی رووداو بە کۆمێنتاریی هەریەکە لە عەبدولسەمەد خۆشناو، لەسەر پەیجی رووداو سپۆرتس و لاوین هابیل، بە زمانی عەرەبی، لەسەر پەیجی رووداو عەرەبییە دەستی بە گواستنەوەی راستەوخۆی سەرجەم یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
لەگەڵ گواستنەوەی هەر یارییەک هەردوو کۆمێنتارەکەی رووداو هەزاران بینەر و وەرگریان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە خۆیان کۆدەکردەوە و ڤیدیۆکانیان لە سۆشیاڵ میدیادا زۆرترین کاردانەوەیان دروستکرد و زۆرترین بینەریان هەبوو، ئەوەی زیاتریش جێگەی سەرنج بوو هاندەرانی تۆپی پێ لە رووداوەوە بینەری یاریی هەڵبژاردەکانی دیکەش بوون، نەک تەنیا یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق.
عەبدولسەمەد خۆشناو: شانازی بەوەوە دەکەم کە لە رووداو پێشکێشمکرد
عەبدولسەمەد خۆشناو، کۆمێنتاری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت " ئەزموونی گواستنەوەی یارییەکانی جامی کەنداو لە تۆڕی میدیایی رووداو زۆر تایبەتبوو، بەتایبەتیش لە یاریی کۆتاییدا کە زۆر تاقەتپڕۆکێن بوو، دوای ئەوەی لە یارییەکەدا 5 گۆڵ تۆمارکران."
عەبدولسەمەد خۆشناو دەڵێت " بەگشتی ئەوەی لە رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە و پێشوازی هاندەران بینران، جارێکی دیکە باوەش کردنەوەی عێراقە بەڕووی تۆپی پێدا و بردنەوەی نازناوەکە هیوای ملیۆنان بوو، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووداو سەنگی خۆی لە تۆپی پێدا بگەڕێنێتەوە."
لەبارەی کۆمێنتاریکردن لە تۆڕی میدیایی رووداو بەدرێژایی جامی کەنداو کۆمێنتارەکە دەڵێت " ئەزموونەکەم لە رووداو وەک یەکەمی بێ رکابەر زۆر ناوازە بوو، سوپاس بۆ خوا کاری باشمانکرد و شانازی بەو ئەزموونەوە دەکەم و پشتبەخوا کاری زۆر باشتر و جیاوازتر دەکەین."
گۆڵەکەی ئاسۆ رۆستەم بە کۆمێنتاریی عەبدولسەمەد خۆشناو، لە یاریی بەرامبەر سعودیە
لاوین هابیل: بەبێ بیرکردنەوە رازیبووم لە رووداو کۆمێنتاری بکەم
لاوین هابیل، کۆمێنتاری پەیجی رووداو عەرەبییە، کە بە زمانی عەرەبی کۆمێنتاریی بۆ یارییەکان دەکرد، بە رووداوی گوت " من لە 2019ـەوە بە زمانی عەرەبی کۆمێنتاری بۆ یارییەکان دەکەم، بەڵام ئەزموونی کارکردنم و گواستنەوەی یارییەکان لە رووداو بۆ من زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش بوو، شانازییەکی زۆری پێوە دەکەم و وەک دەستکەوتێکی گرنگ لە کاروانی کارکردنمدا وەک کۆمێنتارێکی وەرزشی دەمێنێتەوە."
لاوین زیاتر دەڵێت " ئامانجی من ئەوەیە لە رێگەی رووداوەوە خزمەتێکی باشی وەرزشی کوردستان و عێراق بکەم، کاتێک لە جامی کەنداودا کۆمێنتاریم دەکرد هیچ هەستم بە ماندووبوون نەکرد و هەمیشە بە ورەیەکی بەرزەوە خۆم بۆ یارییەکان ئامادەدەکرد، چونکە دەمزانی هەزاران هاندەر لە رێگەی رووداوەوە سەیری یارییەکان دەکەن، زۆر دڵخۆشبووم کە لە رووداو ئەو هەلەم پێدرا کۆمێنتاری بۆ یارییەکان بکەم، هەموو ئامانجی من ئەوە بووم شتێکی باش و جیاواز پێشکێشی هاندەرانی تۆپی پێ بکەین و سەرنجی هاندەران بۆ یارییەکان رابکێشین، لە کۆتاییشدا توانیمان ریکۆردی زۆرترین بینەر تۆماربکەین، ئەمەش بۆ من شانازییەکی گەورە و لە بیرنەکراوە."
کۆمێنتارە بەنێوبانگ و کاریگەرەکەی رووداو دەڵێت " کاتێک رووداو داوای لێکردم کۆمێنتاری بۆ یارییەکان جامی کەنداو بکەم، بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک رازیبووم، چونکە دەمزانی لە رێگەی رووداوەوە دەنگی من زیاتر دەگاتە هاندەرانی تۆپی پێ و ناوبانگێکی زیاتریش پەیدادەکەم و هەرواش دەرچوو و بە شانازییەوە دەڕوانمە کارکردنم لە یەکەمی بێ رکابەر."
گۆڵی بردنەوەی جامی کەنداو، بە کۆمێنتاریی لاوین هابیل
رووداو ریکۆردێکی دیکەی تۆمارکرد
لە سۆشیال میدیای رووداو لە یاریی کۆتایی جامی کەنداو 25 لە یەک کاتدا زیاتر لە 108 هەزار کەس سەیری یارییەکەی عێراق و عومانی دەکرد، بەمەش رووداو ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد.
سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر تەلەڤزیۆنی عەرەبی و کوردی لە عێراق، بەڵام هیچیان نەیانتوانی نزیکی ئەو ڤیوانەی رووداو ببنەوە و زۆربەی عێراقییەکانیش لە رووداوەوە سەیریی یارییەکەیان دەکرد. بەمەش رووداو بە جیاوازییەکی زۆرەوە یەکەم بوو و دووەمیش تەلەڤیزیۆنی رەشید بوو بە 57 هەزار بینەر.
رووداو هەر لە سەرەتای یارییەکانی جامی کەنداو 25 رووماڵی سەرجەم یارییەکانی دەکرد، لە سۆشیال میدیای رووداو بە ملیۆنان کەس لە رێگەی فەیسبووکی (رووداو سۆرانی، رووداو عەرەبی و رووداو سپۆرت) سەیری یارییەکانیان دەکرد.
جگە لە گواستنەوەی یارییەکانی جامی کەنداو، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، رۆژانە لە ماوەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەدا چەندین کەسایەتی بەنێوبانگ بە سیاسی و وەرزشییەوە، چەندین ئەستێرەی دیار، لەوانەی پێشوو و ئەوانەشی کە ئێستا یارییدەکەن بۆ رووداو قسەیان کرد کە ئەمانە بەشێکیان بوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا بەشداربوو و بە رووداوی گوت " ئەمە رووداوێکی گەورەیە بۆ عێراق، یەکەمجارە لە دوای 2003ـەوە ئەمە گرنگترین رووداوە و خۆشحاڵین بەم سەردانە."
دوای ئەوەش هەریەکە لە عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئەیاد بونیان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ کاروباری وەرزشی، ئەحمەد موبەرەق، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، کۆنسۆڵی عومان لە عێراق، ئەستێرەکانی هەڵبژاردە جیاوازەکان لە رێگەی رووداوەوە پەیامی خۆیان لەبارەی جامی کەنداوەوە گەیاند.
هەڵبژاردەی عێراق دوای زیاتر لە 35 ساڵ چاوەڕێکردن، جارێکی دیکە نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردنەوەی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان تۆمارکرد، بەمەش هەڵبژاردەکە چوارەم نازناوی لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێنا و بووە خاوەنی دووەم زۆرترین نازناوی جامی کەنداو، دوای هەڵبژاردەی کوێت، کە خاوەنی 10 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
جوانترین 5 گۆڵی جامی کەنداو، بە کۆمێنتاریی عەبدولسەمەد خۆشناو و لاوین هابیل
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ