تۆتێنهام دەیەوێت ئەمڕۆ مانچێستەرەکەی دیکەش لە کاراباو کەپ دەربکات

19-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن تۆتێنهام مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە پاش ئەو پاڵنەرە مانەوییە بەهێزەی لە دێربیی مانچێستەردا بەدەستیهێنا و بردنەوەی دراماتیکییانەی بەرامبەر سیتی هاوشار و دراوسێ، مانچێستەر یونایتد لە کاراباو کەپ، دەست بۆ ئاڵنگارییەکی دیکە دەبات و ئەمجارە پێویستی بەسەرکەوتنە لە لەندەن، کاتێک لە قۆناخی چارەکی کۆتایی کاراباو کەپ، بەرامبەر تۆتێنهام یارییدەکات.
 
بردنەوەکەی لە سیتی، کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە. ئەفسانەکانی یانەکە موژدەی هەڵسانەوەی یانەکەیان راگەیاند، بەڵام دیمەنەکە بەتەنیا هەر بردنەوەکە نەبوو، چونکە ئێستا لە یونایتد هەمووان سەرنجیان لەسەر مشتومڕی پاش لێدوانەکانی مارکۆس راشفۆردە کە ئامادەیی خۆی بۆچوونە دەرەوە لە یانەکە دەربڕیوە.
 
یونایتد ئەگەرچی لە دەرەوەی خۆی یارییدەکات و لە پرێمەرلیگدا زۆر بێئومێدە لە هەر خەونێکی رکابەری، پێویستی بەتاودانی ئەسپی خۆیەتی لە جامەکانی وڵات، تاوەکو بەشێک لە خوارییەکانی وەرزەکە راست بکاتەوە، بەڵام کەس ئەرکەکەی یونایتد بەرامبەر تۆتێنهام بەئاسان نابینێت.
 
رۆبین ئامۆریم کە بەهۆی سەرکەوتنەکەی سیتییەوە لە باشترین هەفتەی خۆیدا لەگەڵ یانەکە دەژی، دەتوانێت بەتێپەڕاندنی تۆتێنهام لە یارییەکەی ئەمشەودا، ئیدی زەنگی گەڕانەوەی تیپەکەی بەرامبەر هەموو رکابەرەکانی لێبدات.
 
لای خۆیەوە، تۆتێنهام، کە پۆستیکۆگلۆی راهێنەری وایداناوە لە ئێستاوە ئیدی کار بۆ راستکردنەوەی ئەنجامەکانی و هەڵسانەوە دەکات، لە پاش ئاستێکی خراپ لە پرێمەرلیگ، دەیەوێت لە جامدا درێژە بە کاروانەکەی خۆی بدات.
 
تۆتێنهام، لە قۆناخی پێشووی جامی کاراباو کەپ، یانەی مانچێستەر سیتی کردە دەرەوە و گەیاندنی یونایتد بەهەمان چارەنووس، پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆی، لەپێناو پێشاندانی سەرەتایەک بۆ هەڵسانەوەی تیپەکە.
 
تۆتێنهامیش هاوشێوەی یونایتد لە پرێمەرلیگدا پەرێشان و ئەنجام خراپە، لە دوایین دە یاریی خۆیدا لە خولەکە، پێنج بردنەوە و یەکسانبوونێک و چوار دۆڕانی هەیە، ئەوەش روونکەرەوەی ئەو راستییەیە لە یانەکە، کە دۆخەکە باش نییە.
 
تۆتێنهام لە 2021ەوە لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یونایتد شکستی نەهێناوە، بۆ یارییەکەی ئەمشەویش تیپەکە دەیەوێت بۆ یارییەکی دیکە، هەمان دۆخ وەکخۆی بهێڵێتەوە و خۆی لە شکست بەرامبەر ئەو میوانە قورسە بپارێزێت کە بە پێویستی زۆری بەبردنەوەی یارییەکە هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە