رووداو دیجیتاڵ
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدیی یانەی میلانی ئیتاڵی رایگەیاند، بەمنزیکانە دەگەڕێتەوە و دەست بە یارییەکانی لەگەڵ رۆسۆنێری دەکاتەوە، گوتیشی "کاتێک دەگەڕێمەوە یاریگە بەیەکجاری دەڕووخێنم".
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ ماوەیەکی زۆرە بەهۆی پێکانەوە لە یاریکردن دابڕاوە و بەهۆیەوە نەیتوانیوە لە چەندین یاریی میلاندا بەشداری بکات.
ئیبرا لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی فۆتبوول ئیتاڵیادا، کە ئایا جارێکی دیکە دەگەڕێیتەوە و دەست بە یاریکردن دەکەیتەوە؟ گوتی "بەدڵنیاییەوە، من بڕوام بە هەر شتێکە کە دەیکەم، بەڵام من نازانم کە تاوەکو کەی لە کاروانی وەرزشیی خۆمدا بەردەوام دەبم، بەڵام هەر چۆنێک بێت هەمیشە هەوڵدەدەم لە لووتکەدا بم".
زڵاتان زیاتر گوتی "بۆچی دەبێت تۆ کەسێکی ئاسایی بی، لە کاتێکدا دەتوانی بەهێزتر بی؟ با بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات، من ئارەزووی هەندێک شتی دیاریکراوم هەیە، بۆ نموونە دەمەوێت ببمە ئەکتەری... ئەوە ئەدرینالینم پێدەبەخشێت، بەڵام وەک تۆپی پێ نابێت، کە من لەو یارییەدا ناچارم جیاوازی دروست بکەم".
ئەستێرەی هەڵبژاردەی سوێد، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتیشی "من چەندین پڕۆژەم لەپێشە، بەڵام ئێستا تەنیا بیر لە تۆپی پێ دەکەمەوە، کاتێکیش دەگەڕێمەوە یاریگە بە تەواوی دەڕووخێنم".
سەبارەت بە ئەگەری بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا لەگەڵ میلان؟ ئیبرا گوتی "ئەگەر لەگەڵ ئەم تیپە نازناو ببەمەوە، ئەوا دڵخۆشتر دەبم لەو کاتەی کە بەر لە 10 ساڵ بەدەستم هێناوە".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، سوڵتان ئیبراهیمۆڤیچ، لەبارەی کاتی وازهێنانی لە یاریکردن، گوتی "ئیبرا بڕیار دەدات کەی واز لە یاریکردن دێنێت، زۆر لە خەڵکی لە وەسفی مندا دەڵێن کۆتاییهاتووە، بەڵام بەو کارەیان زیاتر هان دەدەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ