رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوەکانی ئەمڕۆی بەسرە، بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی جامی کەنداو، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان، بەئەگەری زۆرەوە یارییەکە ناکرێت.
ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " هەواڵەکان زۆر ناخۆشن بەداخەوە، پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی زۆرباش بەڕێوەچووە تاوەکو گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام کۆبوونەوەی ئەو هەموو هاندەرە لەبەردەم کۆمەڵگەی وەرزشی بەسرە، مەترسیی دروستکردووە و بە یەکێتیی تۆپی پێی کەنداومان راگەیاندووە، کە پاراستنی گیانی هاندەران لە هەموو شتێک گرنگترە."
پارێزگاری بەسرە دەڵێت " لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی کەنداو لە گفتوگۆداین، ئەگەر لەنێو رووداوەکاندا خەڵک گیانیلەدەستدابێت، یارییەکە دوادەخرێت و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە."
بەهۆی قەرەباڵخی و پاڵەپەستووی هەزاران هاندەرەوە کە دەیانەوێت بۆ یاریی کۆتایی جامی کەنداو بچنە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی، کەسێک گیانی لەدەستدا.
پەیامێنری رووداو لە بەسرە رایگەیاند، بەهۆی جەنجاڵیی زۆری هاندەران و پاڵەپەستۆوە بۆ چوون نێو یاریگە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 60 کەسی دیکەش برینداربوون.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ پارێزگاری بەسرە ئەنجامدەدات و بەئەگەری زۆرەوە یارییەکە دوادەخرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیری عێراق گەیشتە بەسرە و کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و پارێزگاری بەسرە و بەرپرسانی شارەکە ئەنجامدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ