رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە کۆتاییدێن، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
هەزاران هاندەری عێراق چەندین کاژێر بەر لە یارییەکە بە پێخەف و نوێنەوە چوونە بەردەم یاریگە و شەوی رابردوو لەوێ خەوتوون، بۆ ئەوەی لە یاریگەدا ئامادەبن و بینەری یاریی کۆتایی جامی کەنداو بن، کە کاژێر 19:00 لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
لە هەمان شوێنی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتی کەنداوی 25، هەر ئەو دوو هەڵبژاردەیە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کە یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەیان ئەنجامدا و رووبەڕووبوونەوەیان دووبارەیە، بەڵام وادەی ئەنجامدانی یارییەکە و ئامانجەکەش زۆر جیاوازترە.
عێراقی میوانداری پاڵەوانێتییەکە، یاریی کردنەوەی بەرامبەر عومان ئەنجامدا، لە یاریی کۆتاییشدا هەردوو هەڵبژاردە جارێکی دیکە لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بە هاندەرانی دەڵێن " سڵاو، ئەوە ئێمە هاتینەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەین."
هەڵبژاردەی عێراق بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە بۆ یاریی کۆتایی ئامادەیە، ئەوان خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرن لە پاڵەوانێتییەکەدا و 9 گۆڵیان تۆمارکردووە، خاوەن بەهێزترین هێڵی بەرگریشن و تەنیا 1 گۆڵیان لێکراوە، بەڵام ئەمە لەلای هاندەرانی هەڵبژاردەکەوە هیچ بەها و نرخێکی نییە، ئەگەر بردنەوەی نازناوەکەی بەدوادا نەیەت، بۆیەش یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بە زیاتر لە 65 هەزار هاندەرەوە چاوەڕێی پاڵەوانبوونی عێراق دەبێت.
خیسوس کاساس ماوەیەکی زۆر کەمە بووەتە راهێنەری عێراق، بەڵام تیپێکی بەهێزی دروستکردووە، بە ئامانجی ئەوەی دوای 35 ساڵ عێراق بکاتەوە پاڵەوانی کەنداو و چوارەم نازناو لە مێژووی هەڵبژاردەکەدا بەدەستبهێنێت.
عێراق پشتی بە هاندەرانی گەرمە، بەڵام ئەو هەڵبژاردەیەی بەرامبەر یارییدەکات هێندە ئاسان نییە، بەتایبەتیش کە عومان تیپێکی رێکخراوی هەیە و ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ برانکۆ ئیڤانکۆڤیچ کاردەکات و ئەویش بە هەموو پێکهاتەیەکەوە بۆ یاریی کۆتایی جامی کەنداو ئامادەیە.
عومان لە چەند ساڵی رابردوودا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەڵبژاردەکە خاوەنی دوو نازناوی جامی کەنداوە و چاوی لە سێیەمە، بەڵام ئەوان بیرەوەری ناخۆشیان لە یاریی کۆتاییدا هەیە و پێشتر دووجار لە یاریی کۆتاییدا دۆڕان، جارێکیان لەنێو خاکی خۆیاندا و جارەکەی دیکەش لە ئیمارات بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە.
عێراق و عومان بۆ جاری 11 لە جامی کەنداودا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، عێراق 5 یاریی بردووەتەوە و 2 یاریی دۆڕاندووە، لە سێ یارییشدا یەکسانبوون، کە دوایینیان یاریی کردنەوەی ئەم پاڵەوانێتییەبوو، بەڵام ئێستا وادەی یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکەیە و هیچ بوارێک بۆ یەکسانبوون نەماوە و ئەمڕۆ یەکێکیان دەچێتە سەر ستەیج و جامی پاڵەوانێتییەکە وەردەگرێت و بە 1 ملیۆن دۆلار خەڵاتدەکرێت.
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، دوو هونەرمەندی گەورە و دیار لەسەر ئاستی عەرەبی و کەنداو بەشداری لە ئاهەنگی کۆتاییهاتنی جامی کەنداو دەکەن و ئاهەنگەکە زۆر سەرنجڕاکێش و جیاواز دەبێت.
کاژێر 17:40 ئاهەنگی هونەری یاریی کۆتایی جامی کەنداو دەستپێدەکات، هەریەکە لە ماجد موهەندیس، هونەرمەندی بەنێوبانگی عێراقی و ئەحلام، هونەرمەندی دیاری ئیماراتی بەشداری لە ئاهەنگەکە دەکەن، کاژێر 18:10 خولەک یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە بۆ خۆ گەرمکردن دێنە نێو یاریگە و کاژێر 19:00 یارییەکە دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ