تۆنی کرووس باسی یارییکردن بۆ یانەی ئینتەرمیلان دەکات

18-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن تۆنی کرووس یانەی ئینتەرمیلان یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووسی ئەڵمانی، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی نهێنییەکانی چوونی بۆ یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2014 دەکات، هەروەها قسەی لەبارەی چوونی بۆ ئینتەرمیلانی ئیتاڵی کردووە.
 
کرووس خەڵاتی یاریزانی زێڕینی بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێنا، ئەوەش وەک رێزێک بۆ کاروانی درێژی ئەو لە یاریگەکاندا، پاشئەوەی هاوینی رابردوو بڕیاریدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
 
کرووس لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەی 'توتۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی دەڵێ، ساڵی 2014 و پاش بردنەوەی نازناوی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کارلۆ ئەنچیلۆتی زۆر سووربوو لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵم.
 
هەروەها دەڵێ، "ئەوکات ئەوان نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێنابوو، پێی گوتم کە دەیەوێت تیپەکە بباتە ئاستێکی بەرزتر. بۆ من ئاسان نەبوو بایرن میونشن بەجێبهێڵم، بەڵام ئەو کارەکەی زۆر بۆ ئاسانکردم و هانیدام".
 
هەروەها دەڵێ، "پەیوەندییەکی تایبەتمان هەبوو، من حەزم لە بیرۆکەی دەستپێکردن و کۆتایی هێنان بەیارییکردن لەگەڵ ریال مەدرید بوو".
 
ئەنچیلۆتی، لە 2013 تاوەکو 2015 راهێنەری ریال مەدرید بوو، ساڵی 2021 جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ مەشقدانی ئەو یانەیە.
 
لەبارەی گەڕانەوەی کارلیتۆوە، کرووس دەڵێ، "بەویژدانەوە بڵیم، کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد، بەڵام هەواڵێکی زۆر خۆشبوو بۆ هەموومان، بەتایبەت من و کارڤاخال، مارسیلۆ، مۆدریچ، رامۆس و ناچۆ، چونکە پێشتر لەگەڵ ئەودا کارمانکردبوو".
 
کرووس ئەگەرچی هەرگیز لە خولی ئیتاڵیا یاریینەکردووە، بەڵام دانیبەوەداناوە کە لە کاتی بوونی لە ریال مەدرید، بایەخی بەو خولە دەدا.
 
تۆنی دەڵێ، "کاتێک لە ئیسپانیا یارییمدەکرد، هەندێک یانەی ئیتاڵیا بایەخیان پێدەدەم، بەڵام من هەرگیز بیرم لە بەجێهێشتنی ریال مەدرید نەدەکردەوە، ئەگەرچی تۆپی پێی ئیتاڵیام زۆر خۆشدەوێت، بەڵام مەدرید، مەدریدە".
 
پرسیار لە کرووس کراوە، لەبارەی ئەو یانەیەوە کە حەزیدەکرد یاریی بۆ بکات، ئەگەر تاوەکو ئێستا لە یارییکردن بەردەوام بووایە.
 
ئەو دەڵێ، "زەحمەتە یەک تیپ دەستنیشان بکەم، چونکە دەزانم ژینگەی نێوخۆیی خولەکە چۆنە، بەڵام ئەگەر ئێستا یارییمبکردایە، پێموایە لە ئینتەرمیلان دەبووم".
 
لەبارەی هۆکاری دەستنیشانکردنی ئینتەرمیلانەوە، ئەو دەڵێ، "ئەوان بەئارامی و متمانەوە یارییدەکەن، هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی یاریی بکەن و زۆر بەهێزن، بۆیە پێموایە منیش لەوێ دەبووم".
 
تۆنی کرووس ماوەی دە ساڵ یاریی بۆ ریال مەدرید کردووە، لەگەڵ ئەو یانەیەدا پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ و چوار نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە