ئاراوخۆ وەڵامی رەخنەکانی گوندۆگان دەداتەوە و هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات

18-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوایی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی وەرگرتنی کارتە سوورەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان وەڵامی ئیلکای گوندۆگان دەداتەوە و لەبارەی کلاسیکۆوە دەڵێت "دەمانەوێت تۆڵە بکەینەوە."
 
لە میانی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی بارسێلۆنا میوانداری پاریس سانجێرمانی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 4-1 پێدۆڕاند. بەشێکی زۆری هاندەران و میدیاکان دەرکرانی رۆناڵد ئاراوخۆ بە کارتی سوور لە خولەکی 29ـی یارییەکەدا بە هۆکاری سەرەکی دەرکرانی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ دادەنێن، لای خۆیەوە ئیلکای گوندۆگانی ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا لەبارەی دەرکرانی ئاراوخۆ بە کارتی سوور دەڵێت "لەو بار و دۆخانەدا دەبێت دڵنیابیت کە تۆپەکە لە هێرشبەرەکە وەردەگریت، بەڵام ئەگەر زانیت ئەو کارەت پێناکرێت، دەبێت لێی دوورکەویتەوە و فاوڵ نەگریت."
 
گوندۆگان زیاتر دەڵێت "باشترە گۆڵت لێتۆماربکرێت یان هێرشبەرەکە بەتەنیا بەرامبەر گۆڵپارێز بمێنێتەوە، لەوەی کە لە سەرەتاکانی یارییەکەوە یاریزانێکت دەربکرێت."
 
ئاراوخۆ لە لێدوانێکیدا وەڵامی قسەکانی گوندۆگان دەداتەوە و دەڵێت "پێمباشترە ئەوەی بیری لێدەکەمەوە بۆخۆم هەڵیبگرم و نەیڵێم. من کۆمەڵێک بەهام هەیە کە دەبێت رێزی لێبگیرێت."
 
ئاراوخۆ زیاتر دەڵێت "وەک هەر هاندەرێکی بارسێلۆنا من دڵتەنگم کە کارتی سوورم وەرگرت. رووداوەکە 50 بە 50 بوو و ناوبژیوانیش بڕیاری خۆیدا. ئەوە ئازارم دەدات، زۆر داوای لێبووردن لە هاندەرانی بارسێلۆنا دەکەم. ئێمە خاوەنی یاریزانی لاوین و ساڵی داهاتوو بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ دەجەنگین، دڵنیام چێژێکی زۆر بە هاندەرانمان دەبەخشین."
 
دواتر ئاراوخۆ باس لە کلاسیکۆی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "دەمانەوێت لە کلاسیکۆدا تۆڵە بکەینەوە. ئێمە تەنیا لالیگامان لەبەردەستدا ماوە و دەبێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی بکەین. ئەگەر کلاسیکۆ ببەینەوە، ئەوا جیاوازی خاڵەکانمان لەگەڵ ریال مەدرید کەم دەبێتەوە و چانسی بردنەوەی نازناوەکەمان دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە