یاریزانانی برایەتی 3 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ یاری ناکەن

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن یانەی برایەتی بایکۆتکردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ یانەی برایەتی لە گەڕی 23ـی خولی نایابی کوردستاندا، رووبەڕووی یانەی شێروانە ببێتەوە، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکان لەلایەن یاریزانەکانەوە یانەکە گەشتی کەلاری نەکردووە.
 
سەرچاوەیەک لە یانەی برایەتی تایبەت بە رووداوی راگەیاند "ماوەی 97 رۆژە یاریزانەکان مووچەیان وەرنەگرتووە، هەربۆیە یاریزانەکان رەتیانکردەوە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شێروانە ئەنجام بدەن".
 
بەپێی بەدوواداچوونی رووداو، یونس سلێمان، راهێنەری یانەکە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی کارگێڕیی یانەکە کردووە و بۆ رووداو پشتڕاستیکردەوە کە دەستلەکارکێشانەوەکەی بەفەرمی پێشکەشی کارگێڕیی یانە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارگێڕیی یانەکە وەڵامی دەستلەکارکێشانەوەکەی نەداوەتەوە.
 
یونس سلێمان، بە رووداوی گوت "سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە. لە راستیدا کارگێڕیی یانەکەمان زۆر هاوکار و یارمەتیدەرە، بەڵام پێدەچێت ئەو بابەتە لە دەرەوەی دەستەڵاتیان بێت".
 
یانەی برایەتی بەکۆکردنەوەی 26 خاڵ لە پلەی 10ـی خولی نایابی کوردستاندا دەبینرێت و تەنیا دوو خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە