ناوبژیوانێک: بارسێلۆنام لە نازناوی لالیگای 2014 بێبەشکرد و دامە مەدرید

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماتیو لاهۆز بارسیلۆنا لالیگای 2014
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ناوبژیوانێکی ئیسپانی، کە وازیهێناوە دان بەوەدا دەنێت کە لە ساڵی 2014 هەڵەی بەرامبەر بارسێلۆنا کردووە و بەهۆی ئەو هەڵيوە یانە کەتەلۆنییەکەی لە نازناوەی لالیگا بێبەش کردووە کاتێک لە یارییەکی یەکلاکەرەوەدا رێگەی نەداوە گۆڵێکی دروستی لیۆنێل مێسی هەژمار بکرێت و دەڵێت "بەڵێ، بارسێلۆنام لە نازناوی لالیگا بێبەش کرد".
 
ناوبژیوانی ئیسپانی ماتیو لاهۆز بەدرێژایی کاروانی وەرزشیی خۆی بەوە ناسراو بوو کە بە بڕیارەکانی لەنێو یاریگادا هەمیشە مشتومڕی دەنایەوە، تەنانەت دوای وازهێنانیشی بە لێدوانێکی ئاگرین مشتومڕی نایەوە، سەبارەت بە هەڵەیەکی مێژوویی خۆی کە بارسێلۆنای لە نازناوی لالیگا بێبەشکردووە.
 
لاهۆز دانی بەوەداناوە کە هەڵەی کردووە کاتێک گۆڵێکی راست و دروستی لیۆنێل مێسی لە دوایین گەڕی وەرزی 2013-2014ـی لالیگا، لە یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە کامپ نودا رەتکردووەتەوە و دەرئەنجام بارسا نەیتوانیوە نازناوی لالیگا بباتەوە.
 
یارییەکە بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتاییهات، ئەنجامەکەش نازناوی خولەکەی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکلایی کردەوە، دوای رکابەرییەکی بەهێز و درێژ لەگەڵ بارسێلۆنا، بەڵام ئەگەر گۆڵەکەی مێسی هەژمار بکرایە نازناوەکە بۆ بارسا دەبوو نەک یانە مەدریدییەکە.
 
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەر لەو یارییە یەکلاکەرەوەیە بە سێ خاڵ لەپێش بارسا بوو، ئەلێکسیس سانچێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد، بەڵام دیێگۆ گۆدین دواتر گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی تۆمارکرد.
 
دواتر لیۆنێل مێسی گۆڵی دووەمی بۆ بارسا تۆمارکرد، بەڵام ماتیو لاهۆز کە ناوبژیوانی یارییەکە بوو، بە پاساوی ئۆفساید گۆڵەکەی لیۆی رەتکردەوە، پێیوابوو مێسی تۆپەکەی لەلایەن سیسک فابریگاسەوە پێگەیشتووە، بەڵام لە واقیعدا خوانفران تۆرێسی بەرگریکاری ئاتلێەتیکۆ دوایین کەس بوو کە بەر تۆپەکە کەوت پێش ئەوەی بگاتە مێسی.
 

ماتیو لاهۆز

تەنیا من بەرپرسیارم
 
لاهۆز دوو ساڵ پێش ئێستا وازی لە کاری ناوبژیوانی هێنا و وەک شرۆڤەکارێک بۆ مۆڤیستار و کۆپێ کاردەکات و لە پەراوێزی یاریی لووتکەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە لالیگادا، دوای نزیکەی 11 ساڵ لە رووبەڕووبوونەوەکە کە پێشتر باسمان کرد، دانی بەڕاستییەکەدا نا و گوتی "هەڵەم کرد، دواتر پێداچوونەوەمان بە گرتە ڤیدیۆییەکان کرد و بۆمان دەرکەوت خوانفڕان پێش مێسی بەر تۆپەکە کەوتووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "لەو شوێنەی من لێی وەستابووم، مەحاڵ بوو حاڵەتەکە بەتەواوی ببینم و بڕیاری دروست بدەم، متمانەم بەخۆم هەبوو لە گرەوکردن لەسەر ئەوەی تۆپەکە لە فابریگاسەوە چووەتە لای مێسی، هەمیشە بەرپرسیارێتی بۆ یاریدەدەری ناوبژیوان جێدەهێڵرێت، بەڵام تاکە کەسم بەرپرسیارم لەم هەڵەیە".
 
هەروەها گوتی "تەکنەلۆجیای ڤیدیۆیی ئەگەر لەو کاتەدا بەردەست بووایە، ناکۆکییەکەی یەکلایی دەکردەوە و بارسێلۆنا نازناوەکەی دەبردەوە".
 
ئیلڤیۆ پاولۆ رۆسۆی راهێنەری توانای جەستەیی پێشووی بارسێلۆنا، لە ساڵی 2016 لە هەڤپەیڤینیکدا رایگەیاند، لاهۆز لای تاتا مارتینۆی راهێنەری ئەوکاتەی بارسا، دانی  بەوەدا ناوە کە هەڵەی کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە