رووداو دیجیتاڵ
عەبدولسەمەد خۆشناو، کۆمێنتاریی وەرزشی تۆڕی میدیایی رووداو، پیرۆزبایی بردنەوەی نازناوی خولی یانە نایابەکانی کوردستان لە هاندەرانی ئەو یانەیە دەکات و ئەو یارییە ئاشکرا دەکات، کە بەلایەوە خۆشترین یاریی وەرز بووە.
عەبدولسەمەد خۆشناو، لەبارەی یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستانەوە دەڵێت "ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان جیاواز بوو، یەکلانەبوونەوەی نازناوی خولەکە و ئەو یانانەی بۆ خولی پلە یەکی کوردستان دادەبەزین، تاوەکو دوایین گەڕی خولەکەدا هێزێکی زیاتری دایە رکابەرییەکە و بووە هۆکاری ئەوەی هاندەران بەپەرۆشەوە چاوەڕێی یاریی یانەکانیان بکەن."
کۆمێنتارەکەی رووداو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە کام یاریی ئەم وەرزە خۆشترین یاری بووە کە کۆمێنتاریی بۆ کردبێت؟ گوتی " یاریی نێوان هەردوو یانەی ئاکرێ و پێشمەرگەی هەولێر کە لە ئاکرێ بەڕێوەچوو، یەکێک لە خۆشترین یارییەکانی کاروانی کۆمێنتاریکردنی من بووە و خۆشترین یاریی ئەم وەرزە بوو کە کۆمێنتاریم بۆ کردبێت."
خۆشناو زیاتر دەڵێت "بەر لە یارییەکە بە هەژار سابیر، راهێنەری یانەی ئاکرێم گوت، دەتوانن یارییەکە ببەنەوە ئەگەر بە بوێرییەوە یاریی بکەن، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە و بردنەوەیان، هەژار هاتەوە لام و پێیگوتم، قسەکەت هاتەدی و بردمانەوە."
عەبدولسەمەد خۆشناو، لەبارەی خەڵکی ئاکرێ و هاندەرانی ئەو یانەیەوە دەڵێت "رۆژانە لەلایەن خەڵکی ئاکرێوە نامەی جیاوازم بۆ دێت و دەستخۆش لە من و دێسکی وەرزشیی رووداو دەکەن، بۆ رووماڵکردن و گرنگیدان بە یارییەکانی یانەی ئاکرێ لە خولە جیاوازەکاندا."
یانەی ئاکرێ لەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا، بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانایی لە نیوەی یەکەم و نیوەی دووەمی خولەکەشدا پلەی یەکەم مسۆگەربکات و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی یانە نایابەکانی کوردستانی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ