سپالێتی بە تووندی وەڵامی گواردیۆلا دەداتەوە و باسی مارادۆنا دەکات

16-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوچیانۆ سپالێتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی و یانەی ناپۆلی دڵخۆشیی خۆی بە سەرکەوتنی یانەکەی بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ پێشاندا و لە وەڵامی گواردیۆلاشدا دەڵێت "یارییەکەت ئاشکرایە."
 
سپالێتی لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئینتراخت فرانکفۆرت کە 3-0 یارییەکەیان بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە هەرگیز بەم ئاستە نەگەیشتووین، راستییەکەی ئەوەیە یاریزانی گەورەش هەن نەگەیشتوونەتە ئەم ئاستە، ئێوە لە من باشتر دەزانن، ئەوە گرنگی و قەبارەی ئەم دەستکەوتەیە، ئەوە شتێکە کە شاری ناپۆلی و هاندەرانی ناپۆلی و یاریزانەکانی تیپەکە شایستەی ئەمەن، کە پێشتر ئەوە رووینەداوە، بەڵام ئێمە توانیمان ئەوە بکەین."
 
لوچیانۆ لە وەڵامی قسەکانی پێپ گواردیۆلادا کە گوتبووی یارییکردنی ناپۆلی زۆرباشە، باشترین یانەی ئەوروپایە و هاوشێوەی ئارسیناڵە گوتی "دڵخۆش نیم بەو قسانەی، ئەو دەیەوێت گوشار لە سەر تیپەکەی لابدات و گوشار بخاتە سەر یانەکانی دیکە، بۆیە یارییەکەی ئاشکرایە و بەوە هەڵناخەڵەتێین."
 
راهێنەری ناپۆلی زیاتر دەڵێت "چۆن دەکرێت تیپێک کە 9 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە بە تیپێک بەراورد بکرێت کە 900 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە، ئەمە یارییەکی بچووکە، بەڵام ئێمە متمانەمان بەخۆمان هەیە و دڵخۆشین و ئامادەین."
 
لە وەڵامی پرسیاریکدا لەبارەی بەراورکردنی ناپۆلیی ئێستا بە ناپۆلی سەردەمی مارادۆنا، راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت " بارودۆخەکان جیاوازن، چونکە ئەو مارادۆنا بوو، تاوەکو ئێستا هیچ یاریزانێکی تیپەکەمان ناتوانێت پێش ئەو بکەوێت، بەڵام هەوڵدەدەین لە رێگەی یارییکردنمانەوە ئاستی رکابەرییە نا ئاساییەکان تێبپەڕێنین، ئەمە پەیوەندیی بە کۆی گشتی تیپەکەوە هەیە."
 
ناپۆلی بەبردنەوەی لە ئینتراخت فرانکفۆرت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە