رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، دوای ئەوەی لە یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشدا لە هەڵبژاردەی قەتەری بردەوە.
بە ئامانجی رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی کەنداو هاتنە نێو یاریگە، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و قەتەر، لە کەش و هەوایەکی تەواو جەماوەریدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو.
دوای 19 خولەک یارییکردن ئیبراهیم بایش گڕی بەردایە یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە و بە سوود وەرگرتن لە تۆپێکی جێگیر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد.
خۆشی و ئاهەنگی عێراقییەکان تەنیا 9 خولەکی بەسەردا تێپەڕی و جەلال حەسەن هەڵەیەکی گەورەی کرد، عومەر عەبدولفەتاح ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سفر.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، مەشعەل بەرشەم، گۆڵپارێزی قەتەریش کەوتە هەڵەوە، هەڵەی ئەو گۆڵپارێزە بووە هۆکاری ئەوەی ئەیمەن حوسێن گۆڵی دووەم بۆ عێراق تۆماربکات و نیوەی یەکەم لەنێو خۆشی و ئاهەنگی هاندەرانی عێراقدا کۆتاییهات.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا قەتەر نزیکبوو ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام ستوون رێگەی نەدا.
دوای هەڵبژاردەی عێراق چەندجارێک خۆی لە گۆڵی هەڵبژاردەی قەتەر نزیککردەوە و هەوڵیدا گۆڵی زیاتر بکات، بەڵام مەشعەل بەرشەم لەبەردەم هێرشەکانی وەستایەوە.
عێراق یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و بۆ جاری شەشەم گەیشتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، هەنگاوێکی دیکە هەڵبژاردەکە بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا دەکاتە پاڵەوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ