پێدری دوو باشترین یاریی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا ئاشکرادەکات

15-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پێدری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی پێدری گۆنزالێس، ئەستێرەی لاوی یانەکەی نوێکردەوە.
 
لە رێورەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە، بارسێلۆنا گرێبەستی پێدری تاوەکو ساڵی 2026 نوێکردەوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەش کرایە یەک ملیار یۆرۆ.
 
پێدری دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گوتی " زۆر دڵخۆشم لە بارسێلۆنا، تێدەکۆشم لە پێناو یانەکەدا و هیوادارم رۆژ لە دوای رۆژ باشترین پێشکێشبکەم و هاوکاریی یانەکە بکەم، زۆر هەست بە ئارامی دەکەم لە یانەکەدا و هەموو شتێکی بۆ من رەخساندووە."
 
پێدری زیاتر گوتی " هەموو شتەکان بەخێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، زۆر سوپاسی دایک و باوکم و براکەم دەکەم، بەهۆی ئەوەی هەموو رۆژێک رێنوێنیم دەکەن و منیش بۆ هەموو رۆژێک سوپاسگوزاریانم و بەهۆی ئەوانەوەیە کە لێرەم."
 
یاریزانەکەی بارسێلۆنا دەڵێت " زۆر سوپاسی راهێنەر دەکەم کە لە سەرەتاوە متمانەی پێداوم، ئەم یانەیە لە رۆژی یەکەمەوە زۆر هاوکارییکردووم، باشترین دوو یاریی من لە یانەکەدا یاریی کۆتایی جامی شا و یارییەکەی بەرامبەر یوڤێنتوس بوو لە تۆرینۆ."
 
پێدری زیاتر گوتی " یادگاریی زۆر جوانم لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، ئەو پێڵاوەم هەڵگرتووە کە یەکەم گۆڵی خۆم بەدرێسی بارسێلۆناوە پێ تۆمارکرد، یاریزانە لاوەکان داهاتووی یانەکەن و ئامانجمان ئەوەیە هەموو رۆژێک باشترین پێشکێشبکەین."
 
لەلایەن خۆیەوە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گوتی " پێدری لەگەڵ خەون دەژیت، بەڵام سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، ئەو نموونەی یاریزانە لاوەکانە و لەگەڵ یاریزانەکە پێکەوە کارمانکرد بۆ ئەوەی گرێبەستەکە نوێبکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە