لە کتێبی من دیێگۆم.. مارادۆنا ئابڕووی بارسێلۆنا دەبات

15-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیێگۆ مارادۆنا بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کتێبی من دیێگۆمدا، مارادۆنا باسی ژیانی خۆی لە بارسێلۆنا، ئەوکاتەی یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا دەکرد، دەکات و وەسفکردنی بۆ ئەوە یانەیە، لە سەردەمی خۆیدا پێشبینی بۆ نەکراوە، کە ئەمە دەقی قسەکانیەتی:
 
دوای مۆندیال سەردەمی من لە بارسێلۆناوە دەستیپێکرد، بۆ من باشترین تیپی جیهان بوو.
 
بەڵام من کلتووری کەتەلۆنییەکانم نەدەزانی.
 
هەرگیز کەسێکم بە خەیاڵدا نەدەهات کە وەک خۆسێ نونێزی سەرۆکی ئەوکاتەی بارسێلۆنا دەبەنگ بێت.
 
سەری لەبەردەممدا درێژ دەکرد تاوەکو لە وێنەکاندا دەربکەوێت.
 
لە رێگەی رۆژنامەکانەوە بانگەشەی لە دژی من دەکرد.
 
دوای شکستەکان دەچووە ژووری جلگۆڕین و دەگریا، پارەی زیاتریشی پێشکەش دەکردین.
 
ئەو پێیوابوو بردنەوە و دۆڕان تەنیا پەیوەندی بە پارەوە هەیە.
 
بارسێلۆنا ناخۆش و بێچێژ بوو، قۆناخێکی سەخت و تاریک و ئاڵۆزبوو.
 
پێش بارسێلۆنا بە خۆشییەوە یاری تۆپی پێم دەکرد، بەڵام ئەوەی لەگەڵ بارسێلۆنا کردم تۆپی پێ و وەرزش نەبوو.
 
گەیشتە ئەوەی بۆکس بکێشن بە دەموچاومدا.
 
شێوازی یاریکردنەکەش جیاوازبوو، یاریزانەکان بێ وەستان رایاندەکرد.
 
لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکاندا من 2 هەزار و 700 مەتر رامکرد، هاوڕێکانم 5 هەزار و 6 هەزار مەتر رایانکرد، من باش نەگونجابووم.
 
هەوڵمدا لە رووی جەستەییەوە بەهێزتربم، شۆستەر و لوپۆ کاراسکۆ یارمەتییان دەدام.
 
نەخۆشییەکی ترسناک
 
شتەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات باشتربوون، لە 15 یارییدا 6 گۆڵم تۆمارکرد، بەڵام هێشتا هەستم بە خراپیی دەکرد لە پاژنەی پێمدا.
 
چوومە لای دکتۆر، بەڵام شتێکی سەیر روویدا، سەیری پاژنەی پێم نەدەکرد.
 
بەڵکو سەیری چاوەکانی کردم، پاشان پشکنینی خوێنی بۆ کردم.
 
هاتمە ماڵەوە، زۆر نیگەران بووم.
 
رۆژی دواتر پزیشکێکی بارسێلۆنا سەردانی کردم، دوودڵ بوو، هەستم بە ترس کرد، ئەم دیالۆگە لەنێوانماندا روویدا:
 
چیم بەسەرهاتووە دکتۆر؟ پشکنینەکان چیدەڵێن؟
 
هەوڵی دەدا خۆی لە وەڵامەکە بدزێتەوە.. دەستیکرد بە سوڕانەوە بە دەوری خۆیدا، ئینجا گوتی "باشە.. ئەمە شتێکە کە دەکرێت بەسەر هەر کەسێکدا بێت".
 
بە ترسەوە هاوارم کرد "راستییەکەم پێبڵێ".
 
ئەوکات گوتی "تۆ هەوکردنی جگەرت هەیە (منی کوشت).
 
دوای ئەو رۆژە تەنانەت نەمدەویست لە تیڤیش سەیری تۆپی پێ بکەم، ئەگەر پێکان بووایە ئەوەم قبوڵ دەکرد، پێکان لە وەرزشدا باو و ئاساییە، بەڵام.. هەوکردنی جگەر!!.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە