گرێبەستی ئیبراهیمۆڤیچ.. تەنیا ماوە نوێکردنەوەی رابگەیێندرێت

14-04-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئیبراهیمۆڤیچ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلان بەتەواوی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدی و یانەکەی نزیکبووەتەوە، چاوەڕواندەکرێت چەند کاژێری داهاتوو بەفەرمی رابگەیێندرێت.

میدیای ئیتالیا رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ مینۆ رایۆلا، بەڕێوەبەری کارەکانی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، بگاتە کازا میلان، بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی هێرشبەرە سوێدییەکە تەواوبکەن و بەفەرمی نوێکردنەوەکە رابگەیێندرێت.

میلان ماوەی چەند هەفتەیەکە سەرقاڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانیەتی، یەکێک لەو یاریزانانەش ئیبراهیمۆڤیچە، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لەم وەرزەشدا رۆڵی گەورەی لە ئەنجامەکانی یانەکەدا هەیە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان مووچەی ئیبرا لە گرێبەستە نوێیەکەدا مووچەی یاریزانەکە کەمدەکرێتەوە بۆ نزیکەی 7 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا پێشتر نزیکەی 8 ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت.

جگە لە ئیبراهیمۆڤیچ، مینۆ رایۆلا، بەڕێوەبەری کارەکانی جیانلویجی دۆناروومای گۆڵپارێزی یانەکەشە و لەگەڵ بەرپرسانی یانە ئیتالییەکە گفتوگۆ لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو گۆڵپارێزە ئیتالییەش دەکات.

گرێبەستی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی 39 ساڵ لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتاییدێت، چاوەڕواندەکرێت گرێبەستەکەی بۆ یەک وەرز نوێبکرێتەوە.

ئیبرا سەرەڕای ئەوەی لەم وەرزەدا بەهۆی پێکانەوە چەند یارییەک لە یانەکەی دابڕا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 15 گۆڵی تۆمارکردووە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی گۆڵکارانی سێریا ئەیە.

سوڵتان بەهۆی رووداوەکانی یاریی رابردووی میلان بەرامبەر یانەی پارما بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، پاشان لەلایەن لیژنەی تەمبێکاری خولی ئیتالیا، یاریزانەکە بۆ یەک یاریی سڕکرا و لە یاریی بەرامبەر جێنەوا یاریی ناکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە