ئەمڕۆ لە خولی پلەیەکی کوردستان.. شەقڵاوە چاوی لە سەرکەوتنێکی دیکەیە

14-04-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی پلەیەکی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕی چوارەمی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان بە رووبەڕووبوونەوەی یانەکانی ئاڵتون کۆپری و شەقڵاوە دەستپێدەکات.

یانەی شەقڵاوە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، بە دروشمی گەیشتن بە ریزی یانە نایابەکانی کوردستان بەشداری خولەکەی کردووە، کوڕانی بناری سەفین دوور لە هاندەرانیان لە شارۆچکەی پردێ یاری لەگەڵ یانەی ئاڵتون کۆپری دەکەن.

هۆگر یوسف، کاپتنی یانەی شەقڵاوە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ورەیەکی بەرزمان بۆ وەرگرتنی 3 خاڵی یارییەکە هەیە، تەواوی یاریزانانمان ئامادەن و هیچ کەموکوڕییەکمان نییە، ئێمە بۆ گەیشتن بۆ ریزی یانە نایابەکانی دەجەنگین".

لە یارییەکی دیکەدا یانەی سەیدسادق بەهیوای دڵخۆشکردنی هاندەرانی میوانداری یانەی کۆیە دەکات.

شەماڵ عەلی، سەرۆکی یانەی کۆیە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، گوتی "هیوامان ماوە لەسەر وەرگرتنی بلیتێکی گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان، راهێنەرەکەمان بە هەموو خاڵە لاوازەکانی تیپەکەماندا چووەتەوە، پەنا بەخوا بەدڵخۆشی لەنێو یاریگەی سەیدسادق دێینە دەرەوە".

ئێستا یانەی سەیدسادق بە کۆکردنەوەی 5 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندییە، یانەی شەقڵاوە هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمە، یانەکانی ئاڵتون کۆپری و کۆیە هەریەکەیان بە 2 خاڵ لە پلەکانی سێیەم و چوارەمن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە