ناپۆلی دەیەوێت رۆژانی زێڕینی مارادۆنا بگەڕێنێتەوە

14-01-2023
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەمووان دەوەستن و ئەو ناوەستێت.. هەمووان دەکەون و ناپۆلی گەر نووچیش بدات زۆر زوو هەڵدەستێتەوە.. هەمووان دەستبەردانی خەونەکانیان دەبن.. گومان لە خۆیان دەکەن.. بەڵام ناپۆلی دەستی بەخەونەکەیەوە گرتووە، خەونی گەیشتنەوە بە بەدەستهێنانی نازناوی سێریا ئەی.
 
کاتێک وەرز دەستیپێکرد، کەمبوون ئەو یانانەی چاوەڕێی درەوشانەوە و گەیشتن بە نازناوەکانیان لێدەکرا.. میلان پاڵەوان بوو و دەبوو هەمووان بڵێن، میستەر پیۆلی کار بۆ هێشتنەوەی نازناوەکە لای خۆی دەکات.. ئینتەر سەقامگیر بوو و دەبوو وەک گەورەیەک تەماشا بکرێت.. ئالێگری لە یوڤێنتوس بوو و ئەو پیاوەی مێژووی بۆ خانمە پیرەکە نووسییەوە، دەبوو لێکدانەوەی تایبەتی بۆ بکرێت.. بەڵام کەم کەس هەبوو بوێریی ئەوەی تێدا بێت بڵێ ئەی ناپۆلی؟
 
تیپێک بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەوە وەرزەکەی دەستپێکرد و وەک بەشێک لەو مێژووە تەماشا دەکرا کە چەندین ساڵە لە شوێنی خۆیدا دێت و دەچێت و ناتوانێ هیچ بکات.. هەندێکجار رادەپەڕێت و لە کۆتاییدا دەبێت بەژێر دەست و پێی ئەو یانانەوە کە بەسەریدا تێدەپەڕن و ئەو لە نێو شکستەکانی خۆیدا جێدەهێڵن.. بەڵام ئێستا ناپۆلی دەڵێ نەخێر، هەموو ئەوەی بیرتان لێدەکردەوە، تەنیا خەیاڵێک بوو کە لە رابردووەوە سەرچاوەی گرتبوو. ئەوەی ئێستا هەیە جیاوازە و ناوازەیە.
 
دوای هەژدە یاری و چەندین رووبەڕووبوونەوەی قورس و هەڵچوون و داچوون، ناپۆلی جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە، ئەمساڵ وەک پار و وەک ساڵانی پێشوو نابێت.. ئەمساڵ هەموو شت جیاوازە و هەموو ئەگەرێکیش کراوەیە.. ناپۆلی کە ئەمساڵ تەنیا یەکجار شکستی هێناوە.. لە هەفتەکانی سێیەم و چوارەمی خولەکەدا لەلایەن رکابەرەکانییەوە ستۆپی پێکرا و ئەو بردنەوەی دایە دەم بردنەوە تاوەکو لە وێستگەی ئینتەرمیلاندا دووچاری یەکەم شکست بوو.. بەڵام هەفتەی پێشوو کاتێک هەمووان کەوتن و ئەو بردنەوەی بەدەستهێنا، ئیدی دووپات بووەوە هەموو رێگەکان ئەمجارە دەچنەوە باشوور و دەچنەوە بەردەم ئەو شارە یەکەمجار دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، بەدونیای ناساند.
 
سەرکەوتنی گەورەی ناپۆلی بەسەر یوڤێنتوسدا تەنیا دووپاتکردنەوەی ئەو راستییە بوو کە ئەوەی ناپۆلی بەدەستیهێناوە تاوەکو ئێستا، رێکەوت نییە، بەرهەمی کار و تاکتیکی قورسە لە خولێکدا کە تاکتیک تێیدا زۆر قورسە.. ناپۆلی ئێستا پاش ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، خۆی لە پێشەنگی سێریا ئەیدا دەبینێتەوە و لە رکابەرییەکانەوە دوورە.. ئەوەی هەیە، دەکرێ لە کۆتاییدا ببێتە سەرەتای بەدیهاتنی ئەو خەونەی کە لە دوای رۆژە زێڕینەکانی مارادۆناوە بەدینەهاتوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە