خولی پلەیەکی کوردستان.. ئاکرێ دەچێتە کەرکووک

13-01-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی پلەیەکی کوردستان یانەی خاک یانەی ئاکرێ
A+ A-

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە گەڕی چوارەمی یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان لە یاریگە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن. 

لە بەهێزترین یاریدا یانەی خاک میوانداری یانەی ئاکرێ دەکات، یانەی خاك وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ پلەی پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی دووەمی گرتووە، یانەی ئاکرێش بەجیاوازی خاڵێک لە پلەی دووەمە، هەر بۆیە هەر دوو تیپ شەڕی پێشەنگ دەکەن. 

هۆزەڤان زاهید، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئاکرێ لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لە بارودۆخێکی زۆرباشی دەروونیدایە و تەواوی یاریزانەکانیش ئامادەن، ئێمە بۆ بردنەوەی دەچینە نێو یاریگە، لەبەرئەوەی بردنەوەمان دەمانگەیەنێتە پێشەنگی ریزبەندی". 

یانەی شەقڵاوەش دوای دوو دۆڕانی لەدوای یەک، هەفتەی رابردوو بە بڕینی یانەی گارە دڵی هاندەرانی ئاشتکردەوە، ئەمجارەیان شەقڵاوە لەنێو یاریگەی خۆیدا ئەرکی ئاسانە و رووبەڕووی یانەی ئاسۆ دەبێتەوە.

فەرهەنگ مەجید، سەرپەرشتیاری یانەی شەقڵاوە بۆ رووداو، گوتی "بەردەوامین لە دروشمی سەرکەوتن بۆ خولی نایابی کوردستان، ئەستەمە بهێڵین رکابەرمان لەنێو یاریگەی خۆماندا خاڵ بباتە دەرەوە".

یانەی کۆیەش دوای دوو دۆڕانی لەسەر یەکدی، هەفتەی رابردوو سەرکەوتنەکانی یانەی خاکی راگرت و بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە، کۆیە بەپاڵپشتی هاندەرانی ململانێی یانەی گارە دەکات. 

یارییەکانی دیکەی خولی پلەیەکی کوردستان بەمشێوەیە: 

خانەقین - هەڵەبجەی شەهید 
ئاڵتون کۆپری - رزگاری 
ئاشتی - سەیدسادق

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە