ڤینیسیۆس سەرۆکی ریال مەدریدی تووڕە کردووە

12-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر سەرۆکی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدیدی ئیسپانی، هەست بەبێئومێدی و تووڕەیی دەکات بەرامبەر لێدوانەکانی ماوەی رابردووی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەکە، لەبارەی دۆسێی رەگەزپەرستی و میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لەلایەن ئیسپانیاوە.
 
ئیسپانیا، بەهاوبەشی لەگەڵ پۆرتوگال و مەغریب، میوانداری مۆندیالی 2030ی بەدەستهێناوە. دوای شەش ساڵی دیکە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مۆندیال لەسەر دوو کیشوەری جیاواز ئەنجامدەدرێت.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە چەند رۆژی رابردوودا، لێدوانێکی میدیایی هەبوو لەبارەی دۆخەکەوە و بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ داوای لە فیفا کرد بەهۆی رەگەزپەرستییەوە، مافی میوانداریکردنی مۆندیال لە ئیسپانیا وەربگرێتەوە.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی دەڵێ، پێرێز لێدوانەکانی ڤینی بەدڵ نەبووە، بەتایبەت کە سەرۆکی یانەکە هەوڵدەدات و کاری زۆر دەکات بۆ ئەوەی یاریی کۆتایی مۆندیالەکە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بیرنابیۆ ئەنجام بدرێت.
 
رۆژنامەکە لەزاری سەرچاوەیەکی گواستووەتەوە کە پێرێز هەست بەناڕەحەتیی زۆر دەکات لە لێدوانەکانی ڤینی، نایەوێت بەهێچ شێوەیەک هیچ رێگرییەکی بێتە بەردەم بۆ بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی مۆندیالەکە لەسەر یاریگەی یانەکەی، کە دەبێتە رووداوێکی دیکەی مێژوویی بۆ یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
سەرچاوەکە دەڵێ، لێدوانەکانی ڤینی و هەندێک قسەی رۆدریگۆی یاریزانی ریال مەدرید لە ماوەی یارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمجارە، جۆرێک لە بێئومێدی لە نێو یانەی ریال مەدرید دروستکردووە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی ریال مەدرید و سەرۆکی یانەکە وا بیر دەکەنەوە کە ڤینی و رۆدریگۆ حەزیان بەتیشکی میدیایی نییە، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ بەرازیل، هەموو قسەیەک دەکەن بەئارەزووی خۆیان و گوێ بۆ هیچ شتێک ناگرن.
 
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە بۆچوونێک لە نێو کارگێڕیی ریال مەدریددا سەریهەڵداوە کە پێیوایە ئەو دوو ئەستێرە بەرازیلییە بەئاراستەی یاخیبووندا دەڕۆن و ئەوەش کارێکە پێویستە بەزوویی رێگری لێبکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە