کاردانەوەکانی دۆڕانە مێژووییەکەی بەرازیل

11-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل هەڵبژاردەی پاراگوای پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل، جارێکی دیکە دۆڕا و سێ خاڵی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لەدەستدا و راهێنەری هەڵبژاردەکەش دەڵێت "ئێمە پێویستیمان بە ئاستێکی زۆرباشترە."
 
بەرازیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بووە میوانی هەڵبژاردەی پاراگوای و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاند، گۆڵەکە لە خولەکی 20 لەلایەن دیێگۆ گۆمێزەوە تۆمارکرا.
 
لە دوای ساڵی 2008 یەکەمجارە، هەڵبژاردەی بەرازیل بەرامبەر پاراگوای بدۆرێت، بەمەش هەڵبژاردەکە لە 8 گەڕی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، 4 یاریی دۆڕاندووە و خاوەنی 3 سەرکەوتنە.
 
دوای بردنەوەی یارییەکەیان لە بەرازیل، گۆستاڤۆ ئەلڤارۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی پاراگوای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەمڕۆ هەستمکرد، پاراگوای، پاراگوایە، ئەمڕۆ هەستمانکرد چاکبووینەتەوە، نازانم ئەمە جادوویە یان نا، بەڵام ئامادەین هەموو شتێک بکەین لەپێناو ناسنامەکەمان، وەکو ئەوەی لە کۆنگرەی رابردوودا پێمگوتن، گەرەنتی نییە بۆ ئەوەی یارییەکە ببەینەوە، بەڵام هەموو شتێک دەکەین لەپێناو تۆپدا و بۆ ئێمە ئەوە گرنگترین شتە."
 
راهێنەری پاراگوای دەڵێت "کاتێک گۆڵەکەمان تۆمارکرد، هەموو شتێک گۆڕا و ئەوەشمان لەدەستدا کە لە نیوەی یەکەمدا هەبوو."
 
لەلایەن خۆیەوە دۆریڤال جونیۆر، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لە دوای یارییەکە گوتی "پێموایە دەبێت کاربکەین و تێدەگەین لەوەی کە پێویستیمان بە کارکردنی زیاترە بۆ ئەوەی بگەینە ئەوەی هەموومان دەمانەوێت و دەبێت بەهەر نرخێک بێت هەوڵی بۆ بدەین، کارێکی سادە نییە، ئاسان نییە، ئەمە قورسە، بەڵام دەبێت کارەکە چڕتر بکەینەوە بۆ ئەوەی بەخێرایی رێگەکەمان بدۆزینەوە."
 
دوای دۆڕانیان بەرامبەر پاراگوای، هەڵبژاردەی بەرازیل ئێستا خاوەنی 10 خاڵە و لە پلەی پێنجەمی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە، پاراگوای سێیەم بردنەوەی تۆمارکرد و بووە خاوەنی 9 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە