لیڤەرپوول و پاریس لووتکەی ئەورووپا دەکەن و یەکێکیان ماڵئاوایی دەکات

11-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی لیڤەرپوول پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوول بۆ یاریی لووتکەی ئەمشەوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ئامادەیە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی بردنەوەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان دووبارەبکاتەوە و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو.
 
لیڤەرپوول سەرەڕای ئەوەی لە یاریی چووندا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرنەکەوت، یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و نیوەی رێگەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی بڕی، لە یاریی گەڕانەوەدا لە یاریگەی خۆی بەرامبەر پاریس سانجێرمان یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەکەی دووبارەبکاتەوە و هەنگاوێکی دیکە لە پاڵەوانێتییەکەدا بچێتە پێشەوە.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە، رێدز بردنەوەیەکی دیکەی لە پرێمەرلیگدا تۆمارکرد و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ بەهێزترکرد، دەیەوێت لەسەر ئاستی ئەورووپا زیاتر بچێتە پێشەوە.
 
لە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکەدا جۆی گۆمێز و کۆنۆر برادلی بۆ یارییکردن ئامادەنین، بەڵام کۆدی گاکپۆ گەڕاوەتەوە و دەکرێت ئەمشەو بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
 
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، سەرەڕای ئەوەی لە یاریی چووندا دۆڕاوە، بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە لیڤەرپوول و دەیەوێت بە هەمان ئاستی یاریی رابردوو دەربکەوێتەوە، بەڵام ئەمجارە یارییەکە بباتەوە.
 
پاریس سانجێرمان لە یاریی چووندا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، بەڵام بە ئەنجام لە یاریگەی خۆیدا دۆڕا، ئەرکیان لەبەر دوو هۆکار بۆ یارییەکەی ئەمشەو زەحمەتە، یەکەم لەبەرئەوەی یاریی چوونیان دۆڕاندووە، دووەم لەبەرئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاری دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لویس ئێنریکێ متمانەی بە تیپەکەی هەیە و چاوی لەوەیە لەنێو ئانفێڵد قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردوو بکاتەوە و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
 
پاریس سانجێرمان، سەرجەم یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە ئامادەن، هیچ پێکانێکی نییە و تەواو یاریزانەکان بۆ راهێنەرە ئیسپانییەکە بەردەستن.
 
یانە فەرەنسییەکە لە 24 یاریی رابردوودا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەویش یاریی رابردووی بەرامبەر لیڤەرپوولە، یانەکە لەم وەرزەدا تیپێکی بەهێزی هەیە و ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، لەسەر ئاستی ناوخۆ یانەکە لە دوای ئەنجامدانی 25 یاری هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و خاوەنی هێڵێکی هێرشبەری بەهێز و مەترسیداریشە، بەسەرکردایەتیی عوسمان دێمبێلی و خڤیچا کڤاراتسخێلیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە