دایک و باوکی وریا غەفووری بۆ رووداو قسە دەکەن

11-02-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دایک و باوکی وریا غەفووری
A+ A-

رووداو - هەولێر

دایکی وریا ‌غەفووری، ئەستێرەی کوردی یانەی ئیستقلالی ئێرانی و کاپتنی یانەکە بۆ رووداو قسەدەکات و هۆکار ئامادەبوونیان لە یاریی نێوان ئەو یانەیە و شورتە لە هەولێر ئاشکرا دەکات.

دایک و باوکی یاریزانە کوردەکە، هاوشانی نزیکەی 10 هەزار هاندەر ئامادەی یاری هەردوو یانەی شورتەی عێراقی و ئیستقلال تەهرانی ئێرانی بوون، کە لەسەر یاریگەی فەرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەچوو و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات.

خەدیجەی دایکی وریا کە لە ئێران بەهۆی ئەوەی رێگە نادرێت خانمان ئامادەی یارییەکان بن، بەڕێوەچوونی یاری تیپی کوڕەکەی لە هەولێر بەدەرفەت زانیووە و لەگەڵ هاوژینەکەی لەنێو یاریگەدا ئامادەبوون.



دایکی ئەستێرە کوردەکە بە رووداوی گوت، کاتێک زانیمان یارییەکە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بڕیارماندا بێین بۆ سەیرکردنی یارییەکە، بەتایبەت کە لە ئێران بەهۆی ئەو رێگرییەی لە خانمان دەکرێت دەمەویست هەم لەنێو کورددا سەیری یارییەکە بکەم، هەمیش بێم بۆ ئەوەی پاڵپشتی کوڕەکەم بکەم، ئەوەی زیاتریش دڵخۆشم دەکات ئەوەیە کە وریا لەنێو کورددا ئەو ژمارەیە زۆرەی هاندەری هەیە و بەهۆی ئەوەوە رێژەیەکی زۆری هاندەر ئامادەی یارییەکە بوون.

لەلایەن خۆیەوە غەفووری باوکی یاریزانەکەش دڵخۆشی خۆی بە هاتنیان بۆ هەولێر پێشاندا و گوتی، جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە بۆ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین، بۆ پاڵپشتی کوڕەکەمان هاتووین و هەمیشە رێنمایی دەکەم بۆ ئەوەی لە یارییەکاندا بەباشی یاریی بکات و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بێت، هەروەها راشیگەیاند کە هەمیشە لە ماڵەوە لە رێگەی رووداوەوە ئاگاداری رووداوەکان دەبن و دڵیان خۆشدەبێت کە سەرکەوتنی کورد دەبینن جا لە هەر شوێنێکی جیهان بێت.



لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە، وریا غەفووری لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە بە رووداوی گوت، سوپاسی هاندەران دەکەم کە بەهۆی منەوە ئامادەی یارییەکە بوون و زۆر خۆشحاڵم کە بۆ یەکەمجار هاتمە هەولێر و لەنێو هاندەرانی خۆمدا یاریمکرد.

وریا غەفووری، لە دایکبووی ساڵی 1987ـە و خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو ئێستا یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی تۆپی پێیە لەسەر ئاستی ئێران و لە ساڵی 2014ـەوە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئێران یارییدەکات، جگە لە یانەی ئیستقلالیش لە چەند یانەیەکی جیاوازی دیکەی ئێران یارییکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە