دۆرتموند رێگەی بەبردنەوەی بایرن نەدا و ئەڵۆنسۆش بەهێزەوە چووە نێو بوندێسلیگا

09-10-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
چابی ئەڵۆنسۆ
چابی ئەڵۆنسۆ
نیشانەکردن چابی ئەڵۆنسۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی دێرکلاسیکێر لە سیگناڵ ئیدونا پارک لەنێوان دۆرتموند و بایرن میونشن بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لیۆن گورێتسکا بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا لێرۆی سانێ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و دۆرتموندی خستە بارودۆخێکی خراپەوە، بەڵام فێستیڤاڵن خۆی بەدەستەوە نەدا.
 
یوسوفا مکوکو بووە بچووکترین یاریزان لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە دێر کلاسیکێردا گۆڵ بکات و ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە کەمکردەوە.
 
لە خولەکی 90 کینگێسلی کۆمان لە بایرن میونشن بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش هەلێکی گەورەی دایە دۆرتموند بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و لە خولەکی 95 ئانتۆنی مۆدێست، بەلێدانی سەر خەونی باڤارییەکانی بۆ بردنەوەی یارییەکە لەنێو برد و ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە.
 
بەم گۆڵە بایرن و ئۆلیڤەرکان کەوتنە دۆخێکی خراپەوە و سینگاڵ ئیدۆنا پارکیش پڕبوو لە خۆشی و ئاهەنگ.
 
چابی ئەڵۆنسۆ کاروانی راهێنەرایەتیکردنیی لە ئەڵمانیا و لەگەڵ بایر لیڤەرکوزن بەبردنەوەیەکی گەورە دەستپێکرد و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە شالکەیان بردەوە.
 
لە خولەکی 38 موسا دیابی بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی تۆمارکرد، ئەڵۆنسۆ و هاندەرانی بای ئارێنای دڵخۆشکرد.
 
دوای تەنیا دوو خولەک جێرمی فریمپۆنگ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و پێکهاتەی چابی بە ئارامییەوە نیوەی یەکەمی تەواوکرد و دڵخۆشیی ئەڵۆنسۆش گەیشتە لووتکە.
 
هەشت خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم فریمپۆنگ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بایرلیڤەرکوزنی تۆمارکرد.
 
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا پاوڵینیۆ گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامێکی گەورە بۆ بایرلیڤەرکوزن کۆتاییهات، یەکەمجارە یانەکە لەم وەرزەدا 4 گۆڵ بکات و دووەم بردنەوەی یانەکەیە لە 9 گەڕی بوندێسلیگادا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە