پارێزگاری هەولێر: رێگەنادەین یانەی هەولێر ببێتە قوربانیی

08-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی هەولێر خولی ئەستێرەکانی عێراق ئومێد خۆشناو دەستەی کارگێڕیی کاتیی یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی یانەی هەولێری راگەیاند و ئاشکرایکرد لەماوەی 45 رۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕێی یانەکە ئەنجامدەدرێت.
 
پارێزگاری هەولێر لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ شەممە لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کاتیی کارگێڕیی یانەی وەرزشی هەولێر کۆبووەوە.
 
وەک پارێزگاری هەولێر دەڵێ، "لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى کارەکانى دەستەى کاتیى کارگێڕى یانەى وەرزشى هەولێری بەڕێزەوە بەرز نرخاند، کە لە ماوەى رابردوو ئەنجامیانداوە، ئاماژەى بەوەدا کە یانەى هەولێر وەک یانەى دایک و خاوەن مێژوویەکى پڕشنگدار و ناوێکى بەرز، لە سەرووى هەموومانەوەیە و رێگە نادەین ببێتە قوربانی".
 
پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت، "ئامانجى هەموومان خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنى یانەکە بووە، لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێکمان بۆ باشترکردن و چاکترکردنى یانەکە بووە، بەڵام بەداخەوە گرفت و کێشەکان بەردەوامییان هەبووە، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ لە بنەڕەتەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت، نەوەك بەشێوەیەكی كاتی".
 
ئومێد خۆشناو هەروەها دەڵێ، "لەکۆتاییدا کۆبوونەوە لەپێناو چارەسەرکردن و بنبڕکردنى کێشە و گرفتەكانی یانەكە و دابینکردنى ئایندەیەكی گەش و باشترکردنى رەوەشی یانەکە، گەیشتە ئەم بڕیارانە:
یەکەم: سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کاتیى کارگێڕى یانەى هەولێر، بەگشتیى دەستیان لە کارکێشایەوە و دەست لە کارکێشانەوەکەیان قبوڵکرا. 
 
دووەم: هەموو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازادانەى دەستەیەكی تازەی كارگێڕی بۆ یانەی وەرزشی هەولێر، لە ماوەى مانگێک تا 45 رۆژى دیکە.
 
سێیەم: بۆ ئەو ماوەیە، واتا لە ماوەى ئەو مانگە تا 45 رۆژەى داهاتوو کە پڕۆسەى هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، دەستەیەکى کاتى بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە دەستنیشانکرا بەو مەرجەى کە نابێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنى دەستەى کارگێڕى یانەکە، ئەوانیش بریتن لە بەڕێزان:
1- تاهیر سابیر - سەرۆکى کاتىی یانەى هەولێر
2- زوبێر جەبار، ئەندامى کاتیى دەستەى کارگێڕى
3- د.سەرتیپ محمەد عەوڵا، ئەندامى کاتیى دەستەى کارگێڕى
4- د. ئیبراهیم محمەد، ئەندامى کاتیی دەستەى کارگێڕى
5- د. شوان خالید، ئەندامى کاتیى دەستەى کارگێڕى
 
یانەی هەولێر دوێنێ لە دوایین یاریی خۆیدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێو یاریگەی خۆیدا بە مینا دۆڕا و لەکاتی یارییەکەدا، شەڕوپێکدادان لە بەشی ڤی ئای پی نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری، لەنێوان شێرکۆ کەریم و ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەکەدا روویدا.
 
پارێزگاری هەولێر دوای رووداوەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە پێکهێنا و سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەکە، رووداوەکەی بەدەستدرێژی بۆ سەر هەمووان ناوبرد و دووپاتیکردەوە تاوەکو کێشەکان چارەسەر نەکرێن، ئەوان ناگەڕێنەوە یانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە