یانەی داڵکورد تووشی کێشەی گەورەی دارایی بووەتەوە و رەنگە هەڵبوەشێتەوە

08-02-2025
رووداو @Rudawkurdish
لۆگۆی داڵکورد
لۆگۆی داڵکورد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی داڵکورد ساڵی 2004 لە سوێد دامەزرا. هێشتا چەند مانگێک بەسەر یادی 20 ساڵەی دامەزراندنیدا تێنەپەڕیوە، تووشی کێشەی گەورەی دارایی بووە و مەترسی هەیە بە یەکجاری نەمێنێت.
 
لەو 20 ساڵەدا داڵکورد بەو یارییانەی تۆپی پێ کە کردی، ناوی کوردی بردە نێو هۆشی هەزاران هەواداری تۆپی پێ لە سەرتاسەری ئەورووپا. ئاڵای کوردستان بەهۆی داڵکوردەوە بووە سیمبولی یاریی جوان و ئاست بەرز لە یاریگەکانی سوێد و شوێنەکانی دیکە؛ کەچی دەکرێت لەمەودوا چیدیکە بەو فراوانی و بەکۆمەڵییە ئاڵای کوردستان لە یاریگەکاندا نەبینرێت.
 
سیپان بۆتان لە دەستەی بەڕێوەبەریی داڵکورد لەو بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، دۆخی ئابووریی یانەکە باش نییە، "کێشەکەمان چەند ساڵێکە دروستبووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سەرمایەدارێک دەستی لە سپۆنسەریی یانەکەمان کێشاوەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو پارەی لە یانەکەی خەرج دەکرد نەیتوانی سوودی لێ ببینێت و مایەپووچ بوو، چونکە ئەو کەسانەی ئیدارەی وەبەرهێنانی سەرمایەدارەکەیان دەکرد، کەسانی نەزان بوون و بوونە هۆکاری مایەپووچبوونی ئەو سەرمایەدارە."
 
سیپان بۆتان باسی لەوەش کرد، "بۆ چارەسەری کێشەکە، نامەمان بۆ سەرمایەداران و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناردووە، بۆئەوەی لەڕووی مادییەوە هاوکاریی یانەکە بکەن و لە مایەپووچبوون بیپارێزن، چونکە یانەکە هیوا و ئومێدی هەموو کوردستانییانە و لە داهاتوودا دەکرێت یاریزانە کوردەکان وەکو پیشەگەر لە ئەورووپا یاری بکەن و ناوی کورد بەرز بکەنەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە