کێشەکانی یانەی نەورۆز بە هەڵواسراویی ماوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا تەنیا 13 رۆژ ماوە بۆ دوادەی دەستپێکردنی خولی نایابی عێراق، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک ئامادە نییە خەرجییە داراییەکانی نەورۆز دابین بکات، ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ ماوەی ئەو مۆڵەتە کۆتاییدێت، کە یاریزانان داویانە بە بەرپرسانی یانەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان.
یانەی نەورۆز لەبەردەم رۆژێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەدایە، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی یانەکە هەوڵی زۆریاندا بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی خولی نایابی عێراق بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 100 ملیۆن دیناریان دەستکەوتووە بەنیازن مانگانە 100 ملیۆن دینار بۆ مووچە و گرێبەستی یاریزانان پەیدا بکەن، ئەمە لەکاتێکدا بۆ بەشداریکردن و گرێبەست لەگەڵ یاریزانان، نەورۆز پێویستی بە زیاتر لە 2 ملیار دینار هەیە، بەڵام بەرپرسانی یانەکە سوورن لەسەر ئەوەی وەکو ئالنگارییەک، ئەم وەرزە بەشداری خولی عێراق بکەن".
ماوەی پێنج رۆژە یاریزانانی یانەی نەورۆز بایکۆتی راهێنانەکانیان کردووە و ئەمڕۆیان وەکو دوایین مۆڵەت داوە بە کارگێڕی یانەکە، ئەگەر بێت و گرێبەستیان لەگەڵ نەکرێت، لە 8ی سێپتەمبەری ئەمساڵەوە ئازادن پەیوەندی بە هەر یانەیەکی دیکەوە بکەن و چیدیکە یاریزانی نەورۆز نین، لە بەرامبەردا کارگێڕی نوێنەرەکەی شاری سلێمانی داوایان لە سەرجەم یاریزانان کردووە، تاوەکو ئێوارە دەرفەتیان پێبدەن، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەمەڕ چارەنووسی یانەکە بدەن، چ بە بەشداریکردن، یان کشانەوە لە خولی نایابی عێراق.
ئەو قەیرانە داراییەی نەورۆزی پێدا تێپەڕدەبێت، کە مەترسی لەسەر چارەنووسی یانەکە دروست کردووە، هانی چەند یاریزانێکی دا، کە وەکو خۆبەخش یاری بۆ نەورۆز بکەن لە خولی عێراق.
تەنیا 10 یاریزانی کورد لە یانەی نەورۆز ماون کە لە خولی پلەیەکی عێراق لەگەڵ یانەی نەورۆز یارییان کردووە، زۆربەیان لە چەندین یانەی کوردستان و عێراقەوە بۆندیان پێشکێش کراوە، تاوەکو ئێستا لە کۆی ئەو 10 یاریزانە چواریان بە نهێنی لەگەڵ چەند یانەیەکی بەشدار لە خولی نایابی عێراق رێککەوتوون.
یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی یانەی نەورۆز بە رووداوی گوت: "لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامی بۆ بەرپرسانی یانەی نەورۆز ناردووە، تاوەکو لەبارەی کێشە و پێداویستییە داراییەکانیان قسەیان لەگەڵ بکات، بەڵام نەورۆز نوێنەری خۆی بۆلای شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ناردووە و پێیان راگەیاندووە، پێویستییان بەهیچ نییە و دەتوانن سەرچاوەی داهات بۆ یانەکەیان دابین بکەن".
ئاسۆ رۆستەم لە فەیسبووک نووسیویەتی: "هیوادارم یانەی نەورۆز تەنیا لەبەر هاندەران و ناوی شارەکە بەهەرجۆرێک بووە، بەشداریی بکات، منیش ئامادەم بێبەرامبەر بۆ نەورۆز یاریی بکەم".
هاوشێوەی ئاسۆ رۆستەم، بەندەن هەڵۆش سەرباری ئەوەی ساڵێکە بەهۆی پێکانەوە لە یاریکردن دابڕاوە، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە وەکو خۆبەخش یاریی بۆ نەورۆز بکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئامادەم بێبەرامبەر بۆ یانەی نەورۆز یاریی بکەم بۆ خولی عێراق، هەرچەندە ساڵێکە بەهۆی پێکانەوە دابڕاوم. بەهیوام سەرجەم یاریزانانی سلێمانی هەڵوێستیان هەبێت".
یانەی نەورۆز ئێستا لە کۆبوونەوەدایە، رووداو هەوڵی زۆریدا نوێترین زانیاری سەبارەت بە دوایین بڕیاری یانەکەی دەستبکەوێت، بەڵام زۆربەی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبوو، بەڵام رووداو لە سەرچاوەیەکی ئاگەدار لەنێو کۆبوونەوەکەی یانەی نەورۆز زانیویەتی، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی چەند کاژێری دەکرێت و هەر ئەمشەو یانەکە هەڵوێستی کۆتایی خۆی رادەگەیەنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆچوونی زاڵ ئەوەیە یانەکە بەهەرشێوەیەک بووە، بەشداری خولی نایابی عیراق بکات.
وەلی کەریم، دوای پێنج مانگ لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەریی نەورۆز و سەرخستنی یانەکە بۆ خولی نایابی عێراق، لە رێککەوتی 6-9-2021، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەری یانەی نەورۆز راگەیاند، ئەمە لەکاتێکدا سەرجەم یاریزانە پیشەگەرکانیش گرێبەستەکەیان هەڵوەشاندەوە و نەورۆزیان جێهێشت، جگە لەوەش تەواوی یاریزانەکانی یانەکەش ئەمڕۆ چارەنووسیان یەکلایی دەبێتەوە.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەی نەورۆزە، ململانێی نێوان دوو هەوسەرۆکی یەکێتیی وایکردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەچنە ژێرباری پێویستییە داراییەکانی یانەی نەورۆز، چونکە ئەوان ئامادە نین، پاڵپشتی یانەیەک بکەن کە سەرۆکی یانەکە لاهور شێخ جەنگیی هاوسەرۆکی یەکێتی بێت، هەروەها بەرپرسانی یانەی نەورۆزیش هیچ دەستپێشخەرییەکیان بۆ یەکێتیی نیشتمانی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی نەکردووە، بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکە بکات و لە مەترسی پاشێکشێ لە خولی نایابی عێراق دەربازیان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ