رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، یانەکانی پرێمەرلیگ، داوایانکردووە مان سیتی لە خولەکە دووربخرێتەوە، ئەگەر بێتو ئەو تۆمەتانەی لە لایەن دەستەی خولی نایابی ئینگلیزییەوە دراونەتە پاڵی، بسەلمێنرێن.
دەستەی خولی نایابی ئینگلیزی چەند تۆمەتێکی خستووەتە پاڵ مانچێستەر سیتی، کە بەگوێرەی رۆژنامەکانی بەریتانیا، ئەو دەستەیە مانچێستەر سیتی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە لە ماوەی 9 وەرزدا زیاتر لە 100 جار پێشێلکاری لە یاسا داراییەکاندا کردووە.
سزایەکی زۆر قورس چاوەڕێی مانچێستەر سیتی دەکات، ئەگەر ئەو زنجیرە تۆمەتانە بسەلمێنرێن، لەوانەش لێبڕینی خاڵ یان دابەزاندنی بۆ خولی پلەیەکی ئینگلتەرا، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری لێسەندنەوەی نازناوەکانی پێشووی تیپەکەش لەئارادایە.
لە کاتێکدا مان سیتی پێداگری لەسەر بێتاوانی خۆی لەم تۆمەتانە دەکات، یانەکانی پرێمەرلیگی ئینگلیزی داوای بڕیارێکی خێرا و کاریگەر دەکەن بەرامبەر پاڵەوانی وەرزی رابردوو.
سەرۆکی یەکێک لە یانەکانی خولی نایابی ئینگلیزی، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی زە سەنی ئینگلیزی رایگەیاند "ئەگەر ئەم تۆمەتانە بسەلمێنرێن، دەبێت سزایەکی گونجاو هەبێت، و تەنیا شتێکی گونجاو ئەوەیە لە پرێمەرلیگ دەربکرێن و بیاننێرنە خولی پلەیەکی ئیننگلتەرا".
دەشڵێت "باس لە 10 ساڵ پێشێلکاری دەکەین و دەمانەوێت دەستەی پرێمەرلیگ کارێکی دروست بکات".
مان سیتی تاوەکو 23ـی شوبات مۆڵەتی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستە کراوە، هاوکات لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە کۆدەکرێنەوە.
میدیاکانی بەریتانیا، راشیانگەیاندووە کە لە کاتێکدا دەستەی خولی نایابی ئینگلیزی نەیتوانیوە وادەیەکی دیاریکراو بۆ بڕیاردان لەسەر سزاکانی بدات، بەڵام لەوانەیە هەر لە مانگی داهاتوودا دانیشتنێک ئەنجام بدرێت، بەو پێیەی دەزانرێت کە هەر بڕیارێک لەوانەیە ساڵانێکی زۆر بخایەنێت تا دەربچێت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا دەڵێن "ئەو یانانەی کە لە خولی ئینگلیزیدا رکابەری دەکەن گوشار دەخەنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بڕیارێکی خێرا بدەن، چونکە دەیانەوێت لەم وەرزەدا سزایەکە جێبەجێ بکەن، نەک رێگە بە مانچێستەر سیتی بدەن هەناسە بدات و بڕیارەکانیش خاو ببنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ