یۆفا دەیەوێت نازناوی پرێمەرلیگ بۆ لیڤەرپوول بێت

06-04-2020
رووداو وەرزشی
A+ A-

 

ئەلێکساندەر چێڤرین، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، بۆچونی خۆی ئاشکرا کرد، لەبارەی کێشمەکێشی، پرسی شایستەبوونی لیڤەرپوول، بەوەی نازناوی پرێمەرلیگی پێبدرێت، لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی خولەکە، بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئیکیپای سلۆڤینی، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا گوتی: "ناکرێت کۆتایی بە ئەنجامەکانی ئەم وەرزە بێت،، بەبێ پێدانی نازناوی پرێمەرلیگ بە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ئەگەر بێت و ئەو چەند یارییەی پرێمەرلیگ ماوە ئەنجام بدرێت، بێگومان لیڤەرپوول بە ئاسانیی نازناوەکە بەدەست دەهێنێت، سەرباری ئەوەی تاوەکو ئێستا چارەنووسی پاڵەوانی ئەم وەرزە یەکلایی نەکراوەتەوە".

هەروەها چێڤرین دەشڵێت: "لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی خولی پرێمەرلیگ، دەبێ رێگەچارەیەک بۆ چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی یارییەکان بدۆزینەوە، بەڵام لە هەر ئەگەر و سیناریۆیەکدا، ناتوانم پێشبینی ئەوە بکەم ئەم وەرزە بەبێ پێبەخشینی نازناوەکە بە لیڤەرپوول کۆتایی پێبێت".

هەر لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەی ئیکیپا، ئەلێکساندەر چێڤرین گوتی: "دڵنیاشم ئامادەنەبوونی هاندەران لە ئەگەری بەڕێوەچوونی یارییەکان، تووشی جۆرێک لە نائومێدییان دەکات، بەڵام پێموایە بە هەر رێگەیەک بووە، پێویستە لیڤەرپوول وەک پاڵەوانی شایستەی وەرزەکە بناسێندرێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەلێکساندەر چێڤرین دەڵێت: "هەموو شتێک لەسەر رادەی دڵنیایی لایەنی تەندروستی وەستاوە، کاتێکیش یارییەکان دەستپێدەکاتەوە، کە ئاسایش و دڵنیایی هەبێت کە ئەنجامدانی یارییەکان نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی هیچ کەسێک و مەترسی لەسەر گیانی کەس دروست نەکات".

یانەی لیڤەرپوول ماوەی 30 ساڵە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە، نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت، ئەمە لەکاتێکدا، لەم وەرزەدا کە 9 یاریی ماوە کۆتایی بە یارییەکانی ئەم وەرزە بهێنرێت، بە جیاوازیی 25 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی خولی ئینگلیزیی گرتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە